لە گەرمیان 150 خێزان لە باڵەخانەیەکی حکومی وێراندا دەژین

27 June 2022
لە گەرمیان 150 خێزان لە باڵەخانەیەکی حکومی وێراندا دەژین
لە گەرمیان 150 خێزان لە باڵەخانەیەکی حکومی وێراندا دەژین، 35 خێزان لە باڵەخانەی سەربازگەیەکن و 115 خێزانی دیکەش لە دەوروبەریدا دەژین، بەڵام بەپێی یاسای  ژمارە 7ـی ساڵی 2021 قەرەبوو نایانگرێتەوە. سەرۆکی شارەوانیی کەلاریش دەڵێت،  لە یاسای قەرەبووکردنەوە نەهاتووە کە شوێنێکی باڵەخانەی حکومی بێت و خێزانی تێدا نیشتەجێ بوو چۆن قەرەبووبکرێنەوە، تاوەکو قەرەبوو نەکرێنەوە، شارەوانی زۆر لە هیچ خێزانێک ناکات شوێنەکەیان جێبهێڵن.
 
دلێر هیدایەت، نوێنەری 150 خێزانەکەیە و بەشداریی بەرنامەی بەرپرسیاری رۆژی دووشەممە، 27-6-2022ـی کرد. گوتی، لە دوای راپەڕینەوە خەڵک لەناو سەربازگەکەدا دەژین، پێنج ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە قەرەبوو بکرێنەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان لەناو باڵەخانەکەدان، قەرەبووکردنەوە نایانگرێتەوە، بەڵام شارەوانیی کەلار نووسراوی بۆ ئیدارەی گەرمیان و وەزارەتی شارەوانی کردووە بۆ ئەوەی خێزانەکان قەرەبوو بکرێنەوە، "وەزارەتی شارەوانیش نووسراوەکەی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، هەموو شتێک لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بووە، ئێستا نووسراوەکە لەلای سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بۆیە بەناوی 150 خێزانەوە داوا لە ئومێد سەباح دەکەم مامەڵەی قەرەبووکردنەوەمان رایی بکات."
 
دلێر هیدایەت گوتیشی، لەبەرئەوەی لە باڵەخانەی حکومین قەرەبووکردنەوە نامانگرێتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت قەرەبوو بکرێینەوە بە پارچە زەوییەک، چونکە 13 ساڵە لە باڵەخانەی سەربازگەکەدا دەژین، هەشت کەس لەناو ژوورێکی  چوار مەتریداین، دانیشتووانی ناو سەربازگەکە و دەوروبەریشی حەز دەکەن دەربچن، کەس ناتوانێت خانووەکەی فراوان بکات و لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدان.
 
ئەندازیار ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار رایگەیاند، "ژیانی خێزانەکان زۆر خراپە، خێزان هەیە لە 50 مەتر دەژین و ناتوانێت خانووەکەی فراوان بکات، لەکاتی کارەساتە سرووشتییەکان ترسمان لە کارەساتی مرۆیی هەبوو رووبدات، چونکە شوێنی نیشتەجێبوونەکە زۆر خراپە."
 
شوێنی باڵەخانەکە حکومییە، 35 خێزان لەنێو باڵەخانەکەدان و 115 خێزانی دیکەش لە حەوشەکەیدا دەژین، لە یاسای  قەرەبووکردنەوەدا بە گوتەی ئەکرەم ساڵح، "نەهاتووە کە شوێنێکی باڵەخانەی حکومی بێت و خێزانی تێدا نیشتەجێ بوو، چۆن قەرەبووبکرێنەوە، ئێمە نووسراومان کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانەکان بە پارچە زەوییەک، چاوەڕوانی وەڵامین بۆ  قەرەبووکردنەوەی خێزانەکان بە ماددی یان پێدانی زەوی بێت. تاوەکو قەرەبوونەکرێنەوە، شارەوانی زۆر لە هیچ خێزانێک ناکات شوێنەکەیان جێبهێڵن."