نەخۆشییەک لەنێو ئاژەڵانی سنووری سۆران بڵاوبووەتەوە؛ لە یەک هەفتەدا 150 سەر ئاژەڵ لەنێوچوون

27 January 2025
نەخۆشییەک لەنێو ئاژەڵانی سنووری سۆران بڵاوبووەتەوە؛ لە یەک هەفتەدا 150 سەر ئاژەڵ لەنێوچوون
نەخۆشییەک لەنێو ئاژەڵانی دوو گوندی سنووری خەلیفان بڵاوبووەتەوە و تاوەکو ئێستا دەستنیشانی زانستیی نەخۆشییەکە نەکراوە. ئاژەڵدارێکی گوندی بناوی دەڵێت: "لە یەک هەفتەدا 150 سەر ئاژەڵم لەنێو چوون". ڤێتێرنەریی خەلیفان لە نەخۆشیەکە ئاگادارکراوەتەوە و تیمێکی بەدواداچوون پێکدەهێنن.
 
نەخۆشییەکە زۆرتر لەنێو ئاژەڵی گوندەکانی بناوی و بیوکە بڵاوبووەتەوە و دەیان سەر ئاژەڵی لەنێو بردووە. ئەو ئاژەڵانەی بەرگرییان کەمترە و بچووکترن وەک ئاژەڵداران باسیدەکەن، لە ماوەی پێنج کاژێردا مردار دەبن.
 
فەیسەڵ ئەحمەد، ئاژەڵدارە لە گوندی بناوی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "ئاژەڵەکە نەخۆش بوو، دەرزیم لە ئاکرێ و شکارتە کڕی و لێم دا، دوای دەرزییەکە زیاتر نەخۆش کەوتن و لە ماوەی دوو رۆژدا 70 سەر مرداربوون. ئەو کارانەی شیریان دەخوارد، دوای خواردنی شیر مردار دەبوون، پزیشکێک لە ئاکرێ گوتی؛ ئەوە شەلکەیە. پەیوەندیم بە ڤێتێرنەریی سۆران کرد، گوتیان لاشەی ئاژەڵ بهێنن بۆ پشکنین. تاوەکو ئێستا 150 سەر ئاژەڵم مرداربوونە."
 
بەشێکی ئەو ئاژەڵانەی لەنێوچوون بەهۆی "دەرزی"ییـەوە بووە. سەردار محەممەد، موختاری گوندی بیوکەیە و ئاژەڵدارە، لە بەرپرسیار، گوتی: "دوو ساڵە حکومەت دەرزیی ڤاکسینمان پێنادات بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان تووشی نەخۆشیی وەرزی نەبن. لەسەر ئەرکی خۆم بە بەهای 600 هەزار دینار دەرزیم لە ئاکرێ و شکارتە کڕی، بە گەرەنتی کڕیومە، گوتیان لە 100 سەر ئاژەڵ، 75یـان لە نەخۆشی رزگاردەبن، بەڵام وانەبوو، لە ماوەی دوو مانگدا 100 سەر ئاژەڵم لەنێوچوونە."
 
دکتۆر محەممەد شەقڵاوەیی، بەرپرسی بنکەی ڤێتێرنەریی خەلیفان رەتیکردەوە نەخۆشییەکە بەشێوەی بەربڵاو لەنێو ئاژەڵی ئاژەڵدارانی سنوورەکەی بڵاوبووبێتەوە. دکتۆر محەممەد، گوتی: "نەخۆشییەکە تەنیا لەنێو ئاژەڵی ئاژەڵدارێکە، دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک و هێنانی ڤاکسین لە ئاکرێ لەلایەن ئاژەڵدارەکەوە، ئینجا ئێمەی ئاگادارکردووەتەوە. سبەی تیمێک لە ڤێتێرنەریی سەردانی گوندەکە دەکات بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەریی نەخۆشییەکە."
 
بەشێکی ئەو ئاژەڵدارانەی زیانیان بەرکەوتووە، تەنیا کار و سەرچاوەی بژێوییان ئاژەڵدارییە و داوای قەرەبووکردنەوە دەکەن.
عیسا ئیسماعیل، ئاژەڵدارێکی گوندی بیوکەیە، لە ماوەی یەک هەفتەدا 106 کاری بەهۆی "نەخۆشی"یـەوە لەنێوچووە. لە بەرپرسیار، گوتی: "دکتۆری ڤێتێرنەریی کەمتەرخەمن و سەردانمان ناکەن، خۆشمان توانای کڕینی دەرمانمان نییە. ئاژەڵە لەنێوچووەکان سەرچاوەی بژێویی خۆم و چوار کوڕم بوو، داوا لە حکومەت دەکەین قەرەبوومان بکاتەوە."
 
تاوەکو ئێستا هیچ تیمێکی ڤێتێرنەریی سەردانی ئەو گوندانەیان نەکردووە کە نەخۆشییەکەی تێیدا بڵاوبووەتەوە. ناوی نەخۆشییەکەش بەشێوەی زانستی دەستنیشان نەکراوە. بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکە، پێویستە لاشەی ئاژەڵی مرداربوو ببرێتە تاقیگە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کارە نەکراوە.
 
بەڕێوەبەری پێشووی ڤێتێرنەریی سۆران، کە ئێستا خانەنشین بووە و تاوەکو ئێستا دەستاودەستکردنی پۆستەکەی بۆ نەکراوە، هۆکاری نەخۆشییەکەی بۆ "کەمتەرخەمی"ـی ئاژەڵداران و "راوێژنەکردن" بە ڤێتێرنەری گەڕاندەوە.
 
دکتۆر سەیدەوان عومەر، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئاژەڵدارانی سنوورەکە فەرمانگەکەمان دەناسن لە کوێیە، نە پەیوەندییان کردووە و نە هاتوونە سەردانمان بکەن. دەرمانیان لە دەرەوە کڕیوە، بەڵام دەرمانەکان بەسەرنەچوونە. تاوەکو ئاژەڵداری بکەن پیویستییان بە ڤێتێرنەری هەیە، بێن سەردان بکەن، پزیشک لەگەڵیان دەنێرین، یان نموونەی ئاژەڵی نەخۆش دەنێرینە تاقیگەی هەولێر، بەڵام ئەوان نایەن."
 
لە سنوری خەلیفان زیاتر لە 200 ئاژەڵدار هەن، مەرو بزن پشکی شێری ئاژەڵی ناوچەکە پێکدەهێنن. دکتۆر سەیدەوان گوتی: 7 ساڵە وەزارەتی کشتوکاڵ دەرزی و دەرمان بۆ ڤێتێرنەرییەکان دابین ناکات، بۆیە ئێمەش وەک ڤێتێرنەری نەمانتوانیوە ڤاکسین و دەرمان بۆ ئاژەڵداران دابین بکەین."