باوکی چوار منداڵ گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و پێویستی بە هاوکاریی بەپەلەیە

26 August 2024
باوکی چوار منداڵ گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و پێویستی بە هاوکاریی بەپەلەیە
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد رەشید باوکی چوار منداڵە، دوو ساڵە گورچیلەکانی نەخۆشن و ئێستا "گەیشتووەتە دوا قۆناخ"، پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەیە، کەمدەرامەتە و توانای نەشتەرگەرییەکەی نییە. پزیشکەکەی دەڵێت، "مەترسی لەسەر ژیانی هەیە".
 
محەممەد تەمەنی 41 ساڵە، پێش نەخۆشکەوتنی تاکسی هەبووە، بەڵام بۆ خەرجیی نەخۆشییەکەی فرۆشتوویەتی.
 
ئەو هاونیشتمانییە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "لەشم دەئاوسێت، ئاو لە سکم کۆدەبێتەوە. بەردەوام هەناسەم تووندە و خەوم نییە، رۆژانە 10 جۆری حەب بۆ بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە و گورچیلە دەخۆم".
 
نەبوونی بەخشەر، نەشتەرگەرییەکەی محەممەدی دواخستووە و ناچار بە شۆردنی گورچیلەی کردووە کە هەفتەی دووجار لە کۆمەڵگەی دۆمیزەوە بە تاکسی دەچێتە سەنتەری چاندنی گورچیلە لە دهۆک. نەشتەرگەرییەکەی زیاتر لە 35 ملیۆن دیناری پێویستە و ئەمەش لە توانای ئەو خێزانەدا نییە.
 
کوڕی گەورەی ئەو خێزانە تەمەنی 20 ساڵە و ژینگەپارێزە، تەنیا سەرچاوەی داهات و کاسبکاری ئەو خێزانەیە. بوشرا حاجی، هاوژینی محەممەد گوتی، "هیچ مووچەیەکمان نییە و توانام نییە دەرمانەکانیش بکڕم. شەو و رۆژ چاودێریی تەندروستیی هاوژینەکەم دەکەم. داوا لە خێرخوازان دەکەم هاوکاریی هاوژینەکەم بکەن".
 
پزیشکی محەممەد دەڵێت، دۆخی "مەترسیدارە". دکتۆر زانا سدیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، لە بەرپرسیار گوتی، "گورچیلەکانی محەممەد گەیشتوونەتە قۆناخی پێنج؛ واتە قۆناخی کۆتایی. هەفتانە لانیکەم پێویستە دووجار بشۆردرێ. مەترسی لەسەر ژیانی هەیە. ئەگەر بەخشەر ئامادەبێ چاندنی گورچیلە باشترین چارەسەرە. نەشتەرگەرییەکەش لە سەنتەری چاندنی گورچیلە لە دهۆک دەکرێت".