کارەبا لە گەرمیانەوە دەفرۆشرێتە پارێزگای دیالە

25 June 2024
کارەبا لە گەرمیانەوە دەفرۆشرێتە پارێزگای دیالە
 
 
 
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی سنووری گەرمیان دەڵێن، کۆمپانیایەک کارەبا بە هێڵی نیشتمانیی سنوورەکەدا دەفرۆشێت و کێشەی بۆ کارەبای ماڵان دروستکردووە. گوتەبێژی کارەبای سنوورەکەش دەڵێت، ئەو کارەبایەی فرۆشراوە پشکی گەرمیان نییە.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناڕەزایی دەردەبڕن و بەشێکیان دەڵێن: "پشکی کارەبای گەرمیان فرۆشراوە" و هەندێکیش دەڵێن، پشکی کارەباشیان نەفرۆشرابێت، هێڵی کارەبای سنوورەکەیان بۆ کەرتی تایبەت بەکاردەهێندرێت.
 
ئەیاد محەممەد، دانیشتوویەکی کەلارە، دەڵێت: "بەهۆی بەکارهێنانی ئەو هێڵەوە، ئێستا ڤۆڵتیەی کارەبای گەرمیان دابەزیوە و لە بەشێک لە ماڵەکاندا کار بە سپلیت ناکات. پلەی گەرما زۆر بەرزە و بەرزتر ببێتەوە، بەهۆی بێهێزی کارەباکەوە ئامێرەکارەباییەکانی نێو ماڵیش دەسووتێن".
 
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان لە بەرپرسیار گوتی: "کۆمپانیایەک کارەبای فرۆشتووە بە ناوچەکانی پارێزگای دیالە کە کارەبای خۆیەتی و پشکی گەرمیان نییە، بەڵام بەهۆی گواستنەوەی بە هێڵی 132 کەیڤی گەرمیاندا کێشەی بۆ ڤۆڵتیەی کارەبای هاونیشتمانیانی سنوورەکەمان دروستکردووە".
بە گوتەی ئالان ئەرکان، ئەمساڵ هەموو گوندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان کارەبای نیشتمانییان پێدەگات.
 
عادل عومەر، ئەندازیاری کارەبایە، لەبارەی گواستنەوەی کارەبا بە هێڵی 132 کەی ڤی، گوتی: "کەمبوونەوەی ڤۆڵتییە رووبەڕووی هەموو شارەکان دەبێتەوە. پێویستە هەموو شارەکان رێگەی بەستنەوەی وزەیان هەبێ. پێویستە مەرکەزییەتی کارەبا نەبێ و بەپێی لۆد دابەشبکرێ بۆ ئەوەی باڵانسی ڤۆڵتییە هەبێ."