کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشانگەکانی دهۆک بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە

25 February 2024
کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشانگەکانی دهۆک بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە
بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشانگەکانی دهۆک بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە. خاوەن پێشانگەیەک دەڵێت "15 رۆژە، شەش گرێبەستم نەکردووە، بەمشێوەیە بڕوات کرێی پێشانگەکەشم دەرناکات. داهاتی ئەو کارمەندانەش لە پێشانگەکان کاردەکەن لەسەر گرێبەستی ئۆتۆمبێلە هەرچەند گرێبەست کەمتر بێت داهاتی کارمەندانیش کەمتر دەبێت."
 
زیاتر لە  دوو هەزار و 500 کەس لە دهۆک کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن. رەفیق محەممەد، خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لە دهۆک، وەک دەڵێت، کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بۆ 40٪ دابەزیوە. "ئێستا مانگانە تەنیا 50 گرێبەست دەکەم، پێشانگە هەیە رۆژانە یەک گرێبەستیش ناکات."
 
نزیکەی 210 پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە دهۆک هەن. عەبدی مستەفا، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە دهۆک، چەند هۆکارێکی دابەزینی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە دهۆک بەمشێوەیە دەخاتەڕوو؛ شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، شەڕی ئیسرائیل و غەززە، زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل و هەبوونی چوار ئۆتۆمبێل لە بەشێکی خێزانەکان، ناجێگیریی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، زۆریی باج لەسەر پێشانگەکان و گرێبەستی ئەلیکترۆنی.
 
هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنین، بەدواداچوون و یاسا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج، وەرگرتنی دووجۆر باجی ساڵانە لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل رووندەکاتەوە؛ "باجی دەرامەت و باجی خانووبەرە، هەردووجۆرە باجەکەش لقیان لێدەبێتەوە. باجی خانووبەرە ساڵانەیە و دەتوانرێت بە دوو قیست بدرێت. باجی خانووبەرەش بەپێی خەمڵاندنی موڵکەکە بە 9٪ دەستنیشانکراوە و سزای دواکەوتنیشی 1٪ـە."