کەسوکاری بێسەروشوێنبووان لە رێگەی رووداوەوە سۆراخیان دەکەن
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، جارێکی دیکە هیوا بۆ چەندین خێزان لە باشووری کوردستان گەڕایەوە کە ونبوویێک یان زیاتریان هەیە. بەشێکی زۆری ئەو خێزانانە پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و داوا دەکەن حکومەت و رێکخراوەکان بەدواداچوونی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و زیندانەکانی سووریا بکرێ بۆ دۆزینەوەی رۆلەکانیان.
بەشێکی ونبووەکان لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس و بەشێکیشیان چەند ساڵێکی کەمە ونبوونە و هیچ هەواڵێکیان نییە. راوێژکارێکی یاسای نێودەوڵەتی دەڵێت: "بۆ هەر بەدواداچوونێک گرنگە سەرەتا کەسوکاری ونبووەکان داوا لە دادگەی لێکۆڵێنەوە تۆمار بکەن.
هێرش هاشم عەبدوڵڵا، خەڵکی کۆمەڵگەی شکارتەیە لە سنووری رانیە، لەدایکبووی ساڵی 1987ـە، لە 2004 کاتێک تەمەنی 17 ساڵ بووە، چووەتە قوتابخانە و تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی لەبارەوە نازانرێ. لوقمان، برای هێرش هاشم، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "باوکی بە حەسرەتی براکەم سەری نایەوە و کۆچی دوایی کرد. 20 ساڵە بەدوای براکەم دەگەڕێم، تاوەکو ئێستا 10 دەفتەر دۆلارم لە سۆراخی براکەم خەرجکردووە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە."
لەبارەی ونبووەکانەوە راوێژکارێکی یاسای نێودەوڵەتی، بە گرنگی دەزانێ دوای تێپەڕبوونی سێ رۆژ یان 72 کاژێر بەسەر بێسەروشوێنبوونی هەرکەسێک، کەسوکارەکەی داوای تۆماربکەن. د. کرمانج عوسمان، لە بەرپرسیار، گوتی: "باشترین چارەسەر لە رووی یاساییەوە ئەوەیە بکرێتە داوا و تۆماربکرێت لەلایەن کەسوکاری ونبووەکە. کەسوکاری ونبووەکان دەبێ داوایەک لە دادگەی لێکۆڵینەوە تۆماربکەن، دواتر لەسەر بڕیاری دادوەر دەست دەکرێ بە گەڕان و لێکۆڵینەوە."
کۆمیتەی نێونەتەوەی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەرکەسێک کەسوکاری لە سووریا یان هەر وڵاتێکی دیکە بێسەروشوێنە، پەیوەندییان پێوەبکەن و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەیان دەکەن.
بهشی بكه لە