بەرپرسیار؛ دانیشتووانی 20 گوندی سنووری باسرمەی هەولێر 13 ساڵە داوای چاککردنی رێگەکەیان دەکەن
رێگەی گڕاو لە سنووری ناحیەی باسرمەی هەولێر هاتووچۆی 20 گوندی لەسەرە، دانیشتووانەکەی 13 ساڵە داوای چاککردنی دەکەن. رێگەوبانی هەولێر دەرخستەیەکی بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە دەڵێت: "پێشینە بۆ رێگەی گڕاوە".
ئەو بەشەی رێگەی گڕاو کە تێكچووە، درێژییەکەی 17 کیلۆمەترە، پڕە لە چاڵ و رۆیشتن بەسەریدا زەحمەت بووە. جەرجیس جەوهەر، دانیشتووی گوندی قوبەیە، بە رووداوی گوت: "15 ساڵە ڕێگاکە بەو جۆرە خراپ بووە، قۆرت و چاڵی تێبووە و تەنیشتەڕێیەکانیشی تێکچوونە، ئۆتۆمبێلەکانمان بە هۆکاری خراپی ئەو رێگایە خراپ دەبن و مانگی جارێک دەبێت بچین چاکیان بکەینەوە".
رێگەکە هاتووچۆی نزیکەی 4 هەزار ماڵی لەسەرە. رەسووڵ تۆفیق، دانیشتووی گوندی رکاوە، بە رووداوی گوت: "کە بارێک کەلوپەل دێنم لە هەریرەوە بۆ ئێرە 30 هەزار دینار کرێ دەدەم، ئەگەر ڕێگاکە باش و خۆش بێت رەنگە ئۆتۆمبێل بە 15 هەزار دینار بێتە گوند."
مانگێک پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەشێکی موختاری گوندەکانی سنووری باسرمە و ئەو گوندانەی دەکەونە سەر رێگەی گڕاو، لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە بۆ چاککردنی رێگەکە، سەردانی پارێزگای هەولێریان کرد.
سەباح حاجی جەوهەر، موختاری گوندی قوبە، لە بەرپرسیار، گوتی: "بەهۆی خراپی رێگەکەمان سێ نەخۆش گیانیان لەدەستداوە و نەگەیشتوونەتە نەخۆشخانە، چونکە رێگەکەمان سەختە. 20 موختار چووینە پارێزگا و لەگەڵیان کۆبووینەوە، گوتیان پارە نییە."
کەمی گەیشتنی خزمەتگوزاری بەو گوندانە هۆکار بووە بۆ کۆچکردنی بەشێکی هاونیشتمانییانی ئەو گوندانە، لەماوەی 4 ساڵی رابردوودا نزیکەی 60 ماڵ لەو گوندانە کۆچیان کردووە.
رەسووڵ محەممەد، دانیشتووی گوندی بابەجیسک، لە بەرپرسیار، گوتی: "دوو مانگ جارێک 300 دۆلار لە ئۆتۆمبێلەکەم دەدەم. ئەوە دۆخ نییە تێیداین، هەرچەندە بچین و بێین ئۆتۆمبێل هەڵدەوەشێتەوە. ئۆتۆمبێلی نزم لە زەوی دەدات."
رێگەکە، تەنیا رێگەی دانیشتووانی ئەو گوندانەی باسرمەیە بۆ گەیشتنیان بە قەزای شەقڵاوە و پارێزگای هەولێر. ناحیەی باسرمە نووسراوی چاککردنی رێگەکەی بەرزکردووەتەوە بۆ رێگەوبانی هەولێر و پارێزگای هەولێر بە گوژمەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار، بەڵام تاوەکو ئیستا پارەکە خەرجنەکراوە.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، هۆکاری چاکنەکردنی رێگەی گڕاو و بەشێکی دیکەی پڕۆژەکانی پەرەپێدان، بۆ بڕینی بودجەی پەرەپێدان لەلایەن بەغداوە دەگەڕێنێتەوە.
عیماد محەممەد، لە بەرپرسیار، گوتی: "دەرخستەمان بۆ رێگەی گڕاو کردووە بەڵام بە دڵی ئێمە نییە. ئەو دەرخستەیە بەو شێوەیە نییە کە رێگەکە بکاتە رێگەیەکی سەرەکی. بودجەیەکی نزیکەی دوو ملیار دینارە، هێشتا هیچ رەزامەندی لەسەر نەدراوە، چونکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە و لەلایەن بەغداوە بڕدراوە. پڕۆژەکە لە پلان دانراوە تاوەکو پارەی بۆ خەرج دەکرێ، پڕۆژەکە فەرمانی چوونە قۆناخی جێبەجێکردنی نییە."
شێروان جەلال بەگ، قائیمقامی قەزای هەریر، بە رووداوی گوت: "جێبەجێکردنی چاککردنی رێگەی گڕاو لە پلانی ساڵی 2024 دایە و گرێدراوە بە پەسندکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا، تاوەکو تاوەکو بودجە پەسند نەکرێ ئەو رێگەیەش چاکناکرێ، نازانم ئەو رێگەیە کەی قیرتاو و چاکدەکرێت، ئێمە لای خۆمانەوە هەموو شتێکمان کردووە و دەرخستەمان بۆ پارێزگای هەولێر کردووە بە بڕی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار و چاوەڕێی پەسندکردنین."
رەزا زاخۆک، بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە، بە رووداوی گوت: "مانگێک پێش هەڵبژاردن لەگەڵ بەشێک لە موختاری گوندەکان چووینە لای جێگری پارێزگار، بە ئێمەی راگەیاند، فەرمانی خەرجکردنی پارەکە هاتووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێ، پارە نییە.
وەک بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە ئاماژەی بۆ دەکات، پلانی چاککردنی رێگەی گڕاو لە "پێشینە"ـی ئەوان دایە و هەرکاتێک پارە خەرجکرا دەست بە چاککردنی رێگە 17 کیلۆمەترییەکە دەکرێت.