گەنجێکی زاخۆ گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و پێویستی بە هاوکاری هەیە

24 June 2024
گەنجێکی زاخۆ گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و پێویستی بە هاوکاری هەیە
جومعە حوسێن، تەنیا کاسبکارە لەناو 10 ئەندامی خێزانەکەی، "4 ساڵە" بەهۆی نەخۆشیی گورچیلەکانی ناتوانێ کاربکات. باوکی جومعە "جەڵتەی مێشک لێیداوە" و لە رۆیشتنی خستووە. ئەو نەخۆشە پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ دووبارە بچێتەوە سەر کار و بژێوی خێزانەکەی دابینبکات.
 
ماڵباتی جومعە لە گەڕەکێکی هەژارنشینی زاخۆ دەژین. جومعە دەڵێت: "هەفتەی دووجار بۆ شۆردنی گورچیلە دەچمە نەخۆشخانە، ئازارم زۆرە و خواردنم بۆ ناخوورێت. پێویستم بە هاوکارییە."
 
پزیشک لە جومعەی نەشاردووەتەوە کە مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە. دکتۆر عەلی حوسێن، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، رایگەیاندووە: "مانەوەی جومعە بەو شێوەیە دۆخی خراپتر دەکات، چەند زوو نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆ بکرێت ئەوا زووتر چاکدەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی."
 
جومعە هاوژینیی پێکنەهێناوە و کوڕی گەورەی خێزانەکەیەتی. وەلات ساڵح، مامی جومعە، گوتی: "تەنیا داهاتی ئەو خێزانە مووچەیەکی 150 دیناری باوکیانە. سێ ئەندامی ئەو خێزانە نەخۆشن و پێویستییان بە هاوکارییە."