منداڵێکی سێ ساڵ لە سلێمانی 'نەخۆشییەکی دەگمەنی هەیە' پێویستی بە چاندنی مۆخی ئێسکە

23 September 2024
منداڵێکی سێ ساڵ لە سلێمانی 'نەخۆشییەکی دەگمەنی هەیە' پێویستی بە چاندنی مۆخی ئێسکە
لاوەند شۆڕش تەمەنی سێ ساڵە، لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی خەوێندراوە و پێویستی بە چاندنی مۆخی ئێسکە و خەرجییەکەی لە توانای ماڵباتەکەی نییە. پزیشکی ئەو منداڵە دەڵێت: "نەخۆشییەکەی زۆر دەگمەنە و ژیانی لە مەترسیدایە".
 
لاوەند لە تەمەنی شەش مانگییەوە تووشی نەخۆشییەکە بووە. شیلان عومەر، دایکی لاوەند لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "دۆخی زۆر خراپە. خوێنبەربوونی بەردەوامی هەیە، ئێستا خوێنبەربوونی دەم و کۆمی هەیە. ئەوەندەی لە نەخۆشخانەین ئەوەندە لە ماڵ نین. ئازاری زۆرە و بەردەوام دەگری. خەوی نییە و خواردن ناخوات."
 
لاوەند هەفتەی سێ جار دەبرێتە نەخۆشخانە. سێ ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووە و تاوەکو ئێستا ناتوانێ لەسەر قاچ بڕوات.
 
باوکی لاوەند کاسبکارە و توانای دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەریی کوڕەکەی نییە. شۆڕش عەلی، لە بەرپرسیار گوتی: "شۆفێری کەسێکم بە مانگانە. بەردەوام لە رێگەی نەخۆشخانەم. توانام نییە خەرجیی نەشتەرگەرییەکە دابین بکەم، تەنیا دەتوانم بژێوی رۆژانەی ماڵم دابین بکەم. داوا لە خێرخوازان دەکەم ژیانی کوڕەکەم رزگاربکەن."
 
نەخۆشیی لاوەند دەگمەنە و "لە هەموو جیهان تەنیا 100 نەخۆشی هاوشێوە تۆمارکراون". دکتۆر زەردەشت بەکر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجەی منداڵان باس لەوە دەکات: "نەخۆشییەکەی لاوەند زۆر دەگمەنە، جگە لە شیبوونەوەی خوێن، کەمی خەپلەکانی خوێنی هەیە و بەرگریی لەشی بێهێزە و ناتوانێ بڕوات و قاچی نەگرتووە. ئەگەر جارێکی دیکە خوێنبەربوونی 'ئەقراس' بیگرێت، ئەوا دۆخی زۆر خراپتر دەکات."
 
چارەسەریی لاوەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ و پێویستی بە سەنتەرێکی پێشکەوتوو هەیە بۆ چاندنی مۆخی ئێسک. دکتۆر زەردەشت بەکر، گوتی: "دەبێ نەشتەرگەرییەکە زوو بکرێ، چونکە مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە. خەرجی نەشتەرگەرییەکە زۆرە و 10 دەفتەری تێدەچێ، سندووقی شێرپەنجەش ناتوانێ ئەو بڕە پارەیە دابین بکات. بۆیە لە رێگەی وەزارەتەوە نووسراو نێردراوە بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق. نەشتەرگەرییەکە لە وڵاتانی ئەورووپا دەکرێ."
 
بەهۆی دەگمەنیی نەخۆشییەکەیەوە، دەست و پەنجەکانی لاوەند هەڵدەوەرێن. خوشک و برایەکی لاوەند وەک بەخشەری مۆخ ئامادەن، بەڵام کەمدەرامەتیی خێزانەکە رێگرە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە. ماڵباتەکەی لە تانجەڕۆی سنووری سلێمانی نیشتەجێن. چاوەڕێی هاوکاریی خێرخوازانن بۆ رزگارکردنی ژیانی لاوەند.