کەسوکاری ئەو گەنجەی لە هەولێر بە گولـلە و بەرد کوژرا: بکوژی سەرەکی دەستگیر نەکراوە

23 July 2024
کەسوکاری ئەو گەنجەی لە هەولێر بە گولـلە و بەرد کوژرا: بکوژی سەرەکی دەستگیر نەکراوە

کارزان کەریم، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ رۆژی 7ی ئایاری ئەم ساڵ لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر بە دەستڕێژی گولـلە و بەرد کوژرا. دوو تۆمەتبار دەستگیر کراون، کەسوکاری کوژراوەکەش دەڵێن، "بکوژی سەرەکیی" رووداوەکە دەستگیر نەکراوە. کەسوکاری تۆمەتباران دەڵێن، ئامادەی ئاشتیی کۆمەڵایەتین.

کارزان چەند جارێک خوازبێنیی کچێکی کردبوو، دوای پێنەدانی، لەلایەن براکانی ئەو کچەوە کوژرا.

کەسوکاری تاوانلێکراو، ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ماڵی تۆمەتباران رەتدەکەنەوە. سەمیرە ساڵح، دایکی کارزان لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، "ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناکەین و کوڕەکەم تەنیا لەسەر خوازبێنیکردنی کچەکەیان کوژرا. داوا دەکەم یاسا مافی کوڕەکەم بستێنێت."

لەسەر رووداوەکە سێ برای کچەکە تۆمەتبارن، یەکێک لە براکانی ئەو کچە تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.

یەکێک لە براکانی تۆمەتباران بە رووداوی گوت، "نازانم ئەو برایەم لە کوێیە. هەر کاتێک دۆزیمانەوە رادەستی یاسای دەکەین."

برای تۆمەتباران چۆنێتی رووداوەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە، "شەوی رووداوەکە کاژێر 01:16 خوولەک پەیوەندیی بە باوکم کرد و جوێنی ناشرینی پێیدا. دواتر پەیوەندیی بە براکانم کرد و گوتی، وەرن لای ماڵی پوورم دەتانبینم. براکانم چوون و کاژێرێک ئامۆژگارییان کرد، بەڵام جنێوی نەشیاوی پێدان. لە ئەنجامی دەمەقاڵێ ئەو رووداوەی لێکەوتەوە."

شەوی پێش رووداوەکە کارزان کەریم لە ماڵی خاڵی بوو. کچە پوورێکی لە بەرپرسیار گوتی، "شەو کاژێر 11:00 هاتە ماڵمان، تاوەکو بەیانی نەخەوت. هەر دەڕۆشتە دەرەوە و دەهاتەوە. تەلەفۆن و نامەی دەنارد. شەو کاژێر 04:00ی بەیانی لە ماڵ دەرچوو، ئێمە ئاگادار نەبووین. کاژێر 09:00ی بەیانی زانیم کوژراوە."

ماڵی تاوانلێکراو و تۆمەتباران لە قەزای مەخموور بوون؛ دوای رووداوەکە ماڵی تۆمەتباران لە مەخموور نەماون.

مامێکی سێ تۆمەتبارەکە، کە نەیویست لە بەرپرسیار قسە بکات، بە رووداوی گوت، "ئامادەین ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکەین. لە هەوڵی چارەسەری کێشەکەداین."

بەپێی گرتە ڤیدیۆیی کاتی رووداوەکە، تۆمەتباران بە بەرد و چەک کارزان کەریم دەکوژن. بە گوتەی پارێزەرێک، تۆمەتباران سزای لەسێدارەدان دەیانگرێتەوە. غێدان حەسەن دەڵێت، "کوشتنێکی وەحشییانەیە و بەپێی مادەی 406 دادگەیی دەکرێن، کە سزاکەی لەسێدارەدانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت و دەبێتە سزای تاهەتایی. هەر سێ تۆمەتبار بەشداربوون لە تاوانەکە و هەمان مادەی بڕگەی 2 و 3 دەیانگرێتەوە."

بە گوتەی سەلام مەغدید؛ مامی کارزان دوای چوار جار لە خوازبێنیی کچەکە و پێنەدانی، کارزان ژیانی هاوژینیی لەگەڵ کچێکی عەرەب پێکهێناوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی تەنیا 15 رۆژ بەسەر هاوسەرگیرییەکەی، جیابوونەتەوە.