وەزارەتی کار: هەر خاوەن پێداویستییەک بایۆمەتری نەکات مووچەکەی دەوەستێت

22 October 2024
وەزارەتی کار: هەر خاوەن پێداویستییەک بایۆمەتری نەکات مووچەکەی دەوەستێت
11 ساڵە هیچ ناوێکی نوێی خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچەی بۆ نەبەستراوە. کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەڵێت: "دۆخی ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە خراپە و تەنیا 394 منداڵی ئۆتیزم هاوکاریی مانگانە وەردەگرن". وەزارەتی کار پەیامێک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەنێرێت و دەڵێت، ئەگەر بایۆمەتری نەکەن، مووچەکانیان دەوەستێت.
 
73 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هاوکاریی مانگانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن کە لەنێوان 100 بۆ 150 هەزار دینارە. لە ماوەی 11 ساڵدا 2080 ناوی نوێی ئۆتیزم لە وەزارەتی کار تۆمارکراون؛ لیژنەی پزیشکییان کردووە و پەسندکراون، ناوەکان نێردراون بۆ بەغدا بۆ بەستنی مووچە.
 
بەشێک لەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە لە دۆخێکی سەخت دەژین. لیقا لەفتەخ، دایکی سێ منداڵی ئۆتیزمە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "سێ منداڵم ئۆتیزمیان هەیە و رۆژانە دایبییان بۆ دەبەستم، هیچ سەنتەرێکی حکومی وەریان ناگرن. بەهۆی سێ منداڵەکەمەوە کەس خانووی کرێم پێنادات و هەر شەش مانگ جارێک دەبێت خانوو بگۆڕم، چونکە خاوەن خانوو دەرم دەکەن، زۆر کات منداڵەکانم دەڕۆن و ناگەڕێنەوە ماڵ".
 
لە هەرێمی کوردستان تەنیا 10 سەنتەری تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم هەن. سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان رەخنە لە نرخ و شێوازی کاری سەنتەرە تایبەتەکان دەگرێت و بە "سەنتەری بازرگانی" ناویان دەبات. کەمال جەباری لە بەرپرسیار گوتی: "هەندێک لە سەنتەرەکان بۆ تەنیا یەک مانگ 800 دۆلار بۆ یەک منداڵی ئۆتیزم وەردەگرن. ئەو سەنتەرانەی شەو و رۆژ منداڵانی ئۆتیزم تێیدا دەمێننەوە نرخیان زیاتر لە هەزار دۆلارە بۆ تەنیا یەک مانگ".
 
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان 3600 تووشبووی ئۆتیزم هەن. ساڵح ئەسعەد، باوکی دوو منداڵی ئۆتیزمە، بە فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداوی گوت: "دوو منداڵەکەم ئۆتیزمیان هەیە و رێژەکەیان 100٪ـە. بەهۆی خراپیی دۆخی داراییەوە نەمتوانی هەردووکیان بنێرمە سەنتەرەکانی راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم، ئەگەر سەنتەرێکی حکومی هەبێت دەینێرم".
 
بەڕێوەبەری تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەیامێک دەنێرێت بۆ هەموو ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی کە بایۆمەترییان نەکردووە. هەوراز عەبدولقادر گوتی: "هەر خاوەن پێداویستییەک بایۆمەتری نەکردبێت، مووچەکەی دەوەستێت".
 
لە 2013، ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی کە تۆمارکراون و پشکنینی تەندروستییان بۆ کراوە، مووچەیان بۆ نەبەستراوە. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ماوەی 6 مانگە لیستی 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتی رەوانەی بەغدا کردووە بۆ بەستنی مووچە، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام بووە.