شارەوانیی سلێمانی بۆ ئاژەڵفرۆشان: مەیدانەکە چۆڵ بکەن

21 July 2024
شارەوانیی سلێمانی بۆ ئاژەڵفرۆشان: مەیدانەکە چۆڵ بکەن

شارەوانیی سلێمانی داوا لە فرۆشیارانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشان دەکات مەیدانەکە چۆڵ بکەن و شوێنەکە بە "زێدەڕۆ" ناودەبات. ئاژەڵفرۆشانیش ناڕازین لە بڕیارەکە و دەڵێن: "نرخی زەوی لە مەیدانی نوێی ئاژەڵان بەرزە و شوێنی ئێستامان چۆڵناکەین."

زەویی مەیدانی ئاژەڵفرۆشان لە ساڵی 2000 لەلایەن شارەوانیی سلێمانییەوە بەشێوەی "گرێبەست" بە ئاژەڵفرۆشان دراوە. هێمن تۆفیق، ئاژەڵفرۆش، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە، کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات، گوتی: "مەیدانی نوێ سەرقفڵانە وەردەگرێت. هەر ئاژەڵێک بچێتە ناو مەیدان پارە وەردەگیرێت. زەوی ئێستای مەیدانەکە لە بری تێرمیناڵ پێمان دراوە بەپێی ئەو گرێبەستەی ساڵی 2000 هەرکاتێک مەیدان بگوازرێتەوە دەبێت قەرەبوو بکرێینەوە."

شارەوانیی سلێمانی لە 02-06-2024 بە واژۆی لەیلا عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی سلێمانی نووسراوێکی ئاراستەی قایمقامیەت کردووە و زەویی مەیدانەکەی بە "زێدەڕۆ" ناوبردووە و دەڵێت: "مەیدانەکە بووەتە هۆی بڵاوکردنەوەی بۆنی ناخۆش و رێگریکردن لە فراوانکردنی پڕۆژەی ئەوین سیتی 2."

زەویی مەیدانی کۆنی ئاژەڵان دەکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون. راگەیاندنی پڕۆژەی ئەوین سیتی 2، بە رووداوی گوت: "زەوییەکەمان لە شارەوانی وەرگرتووە لە بری ئەنجامدانی پڕۆژە بە بەهای 4 ملیار دینار لەناو شاری سلێمانی. دوو ساڵە فەرمانی چۆڵکردن بە ئاژەڵفرۆشان دراوە."

کارەکانی دروستکردنی مەیدانی نوێی ئاژەڵانی سلێمانی لە نزیک عەربەت بەرەو تەواوبوون دەچن. نرخی یەک خانە"200 مەتر زەوی" لە مەیدانی نوێ بە 10 ملیۆن دینارە. هاوڕێ عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی مۆدێرنی قەسابخانەی سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "کۆمپانیا خەرجییەکی زۆری لە پڕۆژەکە کردووە و لەسەر ئەو پێوەرە نرخەکان دەستنیشانکراوە."

نوێنەری ئاژەڵفرۆشانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی، رەخنە لە بڕیاری شارەوانی و بەکارهێنانی وشەی "زێدەڕۆ" دەگرێ. کامیل جەلال، دەڵێت: "نەدەبوو لەیلاخان بە زێدەڕۆ ناومان بهێنێ. ئامادەنین بەو نرخەی خانەکان بچینە مەیدانی نوێی ئاژەڵان. یەک دۆنم زەوی لە نزیک مەیدانەکە بە یەک ملیۆن دینارە کەچی 200 مەتر لەناو مەیدان بە 10 ملیۆن دینارە."

لیژنەی زێدەڕۆ بە رەنگی سوور لەسەر دیوارەکانی مەیدانی کۆنی ئاژەڵانی نووسیوە: "هەستە بە لابردنی زێدەڕۆ لەماوەی 7 رۆژدا". سەرچاوەیەک لە قایمقامیەتی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "نووسراوی دادگە، وەبەرهێنان و شارەوانیمان پێگەیشتووە بۆ چۆڵکردنی مەیدانی کۆن. 15 رۆژی دیکە مەیدانی نوێ تەواو دەبێت، تاوەکو مەیدانی نوێ نەکرێتەوە، مەیدانی کۆن چۆڵناکرێت."

زەویی مەیدانی کۆنی ئاژەڵان لەلایەن وەبەرهێنانەوە دراوە بە کۆمپانیا و پڕۆژەی ئەوین سیتی 2 فراوان دەکرێ. عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "داوامانکردووە زەویی مەیدانی ئاژەڵان چۆڵبکرێت و کۆمپانیا لەسەر زەوییەکەی پڕۆژەکەی جێبەجێ بکات."