دووەم گەورەترین پارکی سلێمانی باخەوانی کەمە

20 June 2024
دووەم گەورەترین پارکی سلێمانی باخەوانی کەمە

رووبەری پارکی ئازادیی سلێمانی 176 دۆنمە و تەنیا 80 باخەوانی هەیە، بەڕێوەبەری پارکەکە دەڵێت، "پێویستمان بە دوو هێندە باخەوانە."

بەشێکی باخەوانەکان رۆژانی پشووش دەچنەوە سەر کار؛ ساڵانە بەشێکیان خانەنشین دەبن و باخەوانی نوێ دانامەزرێن.

هەندرێن مەحموود، باخەوان لە پارکەکە دەڵێت، "بەهۆی کەمیی باخەوان رۆژانی هەینی و شەممە، کە پشوومانە، دێینەوە سەر کار. مووچەمان کەمە و تەنیا 350 هەزار دینارە، بەشی خەرجی و کرێی خانوو ناکات."

بەڕێوەبەری پارکی ئازادی دەڵێت، "نازانم داهاتی پارکەکە چەندە." ئەبوبەکر مستەفا دەڵێت، "داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەی شارەوانی. بودجەی مانگانەمان لەنێوان 1 بۆ 4 ملیۆن دینارە. سەرجەم یارییەکانیش بە خۆڕایین. تەنیا 80 باخەوانمان هەیە و پێویستمان بە دوو هێندە باخەوانە، بۆ ئەمەش بەردەوام لە هەوڵداین."

506 باخچە و 83 بلوار لە سلێمانی هەن. گوتەبێژی باخچەکانی سلێمانی دەڵێت، لە ساڵی 2010وە دامەزراندن وەستاوە. عەلی حامید گوتی، "پارکی ئازادی نۆژەندەکرێتەوە."