بەرپرسیار؛ وردەکاریی کوشتنی کۆڵبەرێک لە هەورامان

19 August 2024
بەرپرسیار؛ وردەکاریی کوشتنی کۆڵبەرێک لە هەورامان
 

رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزی پاسەوانی سنوور کوژرا. پاسەوانی سنوور هۆکارەکەی بۆ "بڕینی سنوور بەشێوەی نایاسایی" دەگەڕێنێتەوە. کەسوکاری کۆڵبەرەکە رەتیدەکەنەوە کاری نایاسایی کردبێ و شاندێکی ئەو هێزەیان لە پرسەی کۆڵبەرەکە دەرکرد.
 
کۆڵبەرە کوژراوەکە ناوی ئارام خەلیلە؛ تەمەنی 27 ساڵە و هاوژینی پێکنەهێناوە. خەڵکی گوندی سەرگەتە لە سنووری هەورامان دیوی هەرێمی کوردستان.
 
عەبدولمەلیک سەعید، پێشنوێژخوێنی گوندی سەرگەت، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "ئارام بە تەنیا نەبووە و لەناو مەرزەکە تەقەی لێ نەکراوە و تێپەڕبووە، کارەکەی یاسایی بوو. ئەو جگەرە و قوماشەی لە سلێمانییەوە دێتە خورماڵ و بە فیلتەری حکومەت تێدەپەڕێ و باجیان لێوەردەگیرێ، لەوێوە کۆمەڵێ گەنج بە کۆڵ دەیبەنە رۆژهەڵاتی کوردستان."
 
ئارام خەلیل زیاتر لە 10 ساڵە کاری کۆڵبەری دەکات، دایک و باوکی لە ژیان نەماون. بە کاری کۆڵبەری، بژێوی خۆی، برایەک و دوو خوشکی دابین دەکرد. دوای رووداوەکە بەشێکی خەڵکی خورماڵ بەرەو بارەگاکەی پاسەوانی سنوور رۆیشتن. بەمەبەستی "‌هەڵوێست وەرگرتن".
 
پاسەوانی سنوور دەڵێت، لە ئەنجامی "هێرش"ـی خەڵکەکە کارمەندێکمان برینداربوو. سامی ئیسماعیل، گوتەبێژی پاسەوانی سنوور، بە رووداوی گوت: "شەوی رابردوو دوای ئەوەی کۆڵبەرێک ویستی بە رێگەی نایاسایی سنوور ببڕێت، لەلایەن هێزەکانمانەوە تەقەی لێکرا و بەداخەوە شەهید بوو."
 
سامی ئیسماعیل گوتی: "دوای کوژرانی کۆڵبەرەکە، خەڵکی ناوچەکە وەکو کاردانەوەیەک هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی هێزەکانمان لە سنووری هەورامان و سووتاندیان. بەهۆی هێرشەکەوە کارمەندێکمان بریندارە."
 
کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکە رەتیدەکەنەوە هێرشیان کردبێتە سەر بارەگەکەی پاسەوانی سنوور. عەبدولمەلیک سەعید، دەڵێت: " من نەبوومایە بارەگەی پاسەوانی سنووریان دەسووتاند. هیچ گەنجێکمان چەکی نییە، ئەوانەی بۆ بارەگەکە بەڕێگەوەبوون دار و تێلاشیان لانەبووە."
 
پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. رووداو پەیوەندی کرد بە گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، موقەدەم بارزان عوسمان، رەتیکردەوە جگە لە زانیارییەکانی کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی شەوی رابردوو هیچ زانیارییەکی دیکە بدات، کە گوتبووی"رێکاری یاسایی بەرامبەر تەقەکار دەگیرێتەبەر".
 
12 رێکخراوی مەدەنیی خورماڵ، لە یاداشتنامەیەکیاندا رایانگەیاند: "ئەگەر بکوژ دەستگیرنەکرێ، هەڵوێستی دیکەی مەدەنیمان دەبێت."
 
بابا سەنعان، ئەندامی تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ، لە بەرپرسیار، گوتی: "تەقەکردن لە کۆڵبەر خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، دەمانەوێ ئەو دیاردەیە بنبڕ بکەین. ئەگەر ئەمە بەسەر خەڵکییەوە تێپەڕێ، رێگەی دیکەمان لەبەردەمە، وەک سکاڵاتۆمارکردن یان خۆپێشاندان."
 
وەک ئەو ئەندامەی تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ باسیدەکات، گفتوگۆ لەنێوان بەرپرسانی ئیداریی سنوورەکە و پاسەوانی سنوور هەیە بۆ رادەستکردنەوەی تۆمەتباری رووداوەکە.
 
شاندێکی پاسەوانیی سنوور، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی ئارام خەلیل چوونە خورماڵ، کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکە نەیانهێشت بچنە هۆڵی پرسەکە. پێشنوێژی گوندی سەرگەت لەمبارەوە گوتی: "کۆمەڵێک خەڵک پێیان باش نەبوو بێنە ژوورەوە، ئێمەش بەشێوەیەکی جوان کردمانە دەرەوە. پێم باش نەبوو بە جلی سەربازییەوە بێنە ژوورەوە، گوتمان با شتەکە گەورەتر نەبێ."
 
حەمەی حەمەسەعید، کە کەسایەتییەکی خەڵکی هەورامانە و پلەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری رۆشنبیریی و لاوانە، لە پۆستێکی فەیسبووک بەبێ نووسینی پلەکەی، لەمبارەوە، رایگەیاندووە: "ئەو ناهەقییە نابێ بەبێ سزای یاسایی تێپەڕێت. بکوژەکان هێشتا قەرزی پارساڵیان نەداوەتەوە."