کچێک هەردوو سی و پەنکریاسی لەکارکەوتوون و پێویستی بە چارەسەریی خێرایە

17 October 2023
کچێک هەردوو سی و پەنکریاسی لەکارکەوتوون و پێویستی بە چارەسەریی خێرایە
رەیان ئیبراهیم تەمەنی 15 ساڵە، ماوەی 10 ساڵە سییەکانی نەخۆش کەوتوون و بەردەوام ئۆکسجین بەکاردەهێنێت. بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە دوو ساڵە لە خوێندن دابڕاوە. 
 
دایکی رەیان دەڵێت: "مانگانە 1300 دۆلار لەسەر ئەرکی خۆمان دەرمان دەکڕین تەنیا بۆ یەک مانگ. پزیشكی رەیانیش دەڵێت، دەرمانەکان تەنیا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی رەیانە و هیچ لە دۆخی نەخۆشییەکەی ناگۆڕێت."
 
ئیبراهیم محەممەد، باوکی رەیان، پێشمەرگەیە، دەڵێت: "رەیان ئازاری زۆرە، هەر خواردنێک کە دەیخوات دەیهێنێتەوە. شەوانە خەوی نییە، هەردوو سییەکانی بەتەواوی لەکارکەوتوون و پێویستی بە گۆڕینە. منیش کەمدەرامەتم و توانای دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەرییەکەم نییە."
 
دکتۆر زانا دزەیی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی سینگ و هەناسە، دەڵێت: "نەخۆشی رەیان تووندە و کووشندەیە. ئێستا مەترسی لەسەر ژیانی رەیان هەیە و پێویستە بە زووترین کات ببردرێتە سەنتەری تایبەت بە چاندنی سی، کە لە هیندستان، ئەوروپا و ئەمریکا هەیە. ئێستا رەیان پەنکریاسیشی لەکارکەوتووە و مەترسی لەسەر دڵیشی هەیە، نەخۆشی رەیان لە دواقۆناخییەتی و دەبێت بەپەلە سییەکانی بۆ بچێنرێت."