سێ ساڵە بازاڕی هەولێر مۆڵ داخراوە

17 July 2024
سێ ساڵە بازاڕی هەولێر مۆڵ داخراوە

بازاڕی هەولێر مۆڵ نزیکەی 163 دووکان لەخۆدەگرێ، ماوەی سێ ساڵە بەهۆی بوونی کێشە لەنێوان دووکانداران و بەڵێندەری پڕۆژەکە، بازاڕەکە داخراوە.

هەردوو لایەنی بازاڕەکە سکاڵایان لەسەر یەکدی تۆمارکردووە. بە گوتەی دووکانداران، بازاڕەکە بەناوی "موڵک"ـەوە لەلایەن بەڵێندەر فرۆشراوە، بەڵام وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رەتیدەکاتەوە بەڵێندەر خاوەن موڵک بێت و دەڵێت: "تەنیا بۆ ماوەی 25 ساڵ بە کرێ بە بەڵێندەر دراوە."

محەممەد عەلی، خاوەن دووکانێکی مۆڵەکەیە، دەڵێت: "لە 2021 بازاڕەکە سووتا، دوای سووتانی بازاڕەکە ئینجا زانیمان دووکانەکان موڵکی بەڵێندەر نین. دووکانەکەم بە 80هەزار دۆلار کڕی و تەنیا پسوولەیەکی پێدام."

فەرمان عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕەکەیە و دوو دووکانی لە بازاڕەکە کڕیوە، دەڵێت: "فێڵمان لێکراوە."

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیژنەیەکی بۆ چارەسەریی کێشەکە پێکهێناوە. مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار، دەڵێت: "مۆڵەکە موڵکی سندووقی خانەنشینی کرێکارانە و بەهیچ شێوەیەک فرۆشتنی لەسەر نییە. تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە کە بیسەلمێنێ بەڵێندەر دووکانەکانی فرۆشتوون. کاری لیژنەکە بەردەوامە و ئەم ساڵ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان تەواودەبێت."