باوکی سێ منداڵ گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە

17 March 2025
 
 
ماهیر ئیسلام تەمەنی 50 ساڵە، باوکی سێ منداڵە و هەردوو گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە هەیە، توانای کاری لەدەستداوە و ناتوانێت خەرجییەکەی دابین بکات. بە گوتەی پزیشکی ماهیر، "مەترسی لەسەر ژیانی هەیە".
 
ماهیر ماوەی 5 ساڵە بەردەوام لە ماڵ و نەخۆشخانە بووتڵی ئۆکسجینی لەگەڵە و بێ ئۆکسجین تووشی هەناسە تووندی دەبێت. ئەو هاونیشتمانییە هەفتەی سێ جار و هەندێ جار چوار جار لە هەفتەیەکدا لە نەخۆشخانەیە بۆ شۆردنی گورچیلەی، هەر جارەی سێ بۆ چوار کاژێر دەمێنێتەوە.
 
ماهیر لە بەرپرسیار، داوای هاوکاریی بەپەلەی خێرخوازان کرد و گوتی: "ناتوانم خەرجیی نەشتەرگەرییەکەم دابینبکەم، 5 ساڵە لەماڵ کەوتووم. ناتوانم دەرمانەکانیشم بکڕم. داوا لە خێرخوازان دەکەم هاوکاریم بکەن بۆ ئەوەی چاکببمەوە و بتوانم بژێویی خێزانەکەم دابینبکەم."
 
پزیشکی ماهیر، پشتڕاستی دەکاتەوە کە نەخۆشیی ماهیر گەیشتووەتە قۆناخی مەترسی. دکتۆر زانا سەلیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، لە بەرپرسیار، گوتی: "گورچیلەکانی ماهیر گەیشتوونەتە دوا قۆناخ و مەترسی لەسەری هەیە. باشترین رێگەچارەسەریی بنەڕەتی چاندنی گورچیلەیە."
 
ماهیر رۆژانە دەرمانی ترشی خوێن، گورچیلە، سینگ و فشاری خوێن و کەمخوێنی پێویستە و لە توانای خێزانەکەی نییە بیانکڕن.
 
ئەو خێزانە لە گەڕەکی حەوشکێی دهۆک لەگەڵ ماڵی باوکی ماهیر دەژین.