10 ساڵە کرێنشینانی هەڵەبجە چاوەڕێی تەواوبوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەن

16 July 2024
10 ساڵە کرێنشینانی هەڵەبجە چاوەڕێی تەواوبوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەن

25 باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە، ماوەی 10 ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون. بە گوتەی بەڵێندەری پڕۆژەکە، هۆکاری وەستانی کارکردن خەرجنەکردنی پێشینەیە.

پڕۆژەکە لە 2012ـەوە دەست بە کارکردنی کراوە و تاوەکو ئێستا 93%ـی پڕۆژەکە تەواوبووە. بەشی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە.

رێزان بایەر، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان، گوتی: "تەواوکردنی پڕۆژەکە زۆر گرنگە بۆ کرێنشینان، بە تەواوکردنی پڕۆژەکە نرخی کرێی خانوو لەنێو شاریش دادەبەزێ. خواستی زۆری کرێنشینان لەسەر ئەو پڕۆژە هەیە و فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و لە چاوەڕوانیدان."

پڕۆژەکە ساڵی رابردوو دەستی بەکارکردووەتەوە. عادل حەسەن، بەڵێندەری پڕۆژەکە، گوتی: "پڕۆژەکە تەنیا 7%ـی ماوە تەواوبکرێ و لە قۆناخی کۆتاییداین، ئەگەر پێشینەکانمان خەرجبکرێ ئەوا کەمتر لە دوومانگ پرۆژەکە تەواو دەکرێ."

بیلال حەسەن، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەڵەبجە، دەڵێت: "پڕۆژەکە لەسەر 25 دۆنم زەوییە بۆ 25 باڵەخانە و بڕیاربوو ساڵانە 6 باڵەخانە رادەستبکرێ. ئێستا پڕۆژەکە دەستیپێکردووەتەوە."