گوندێکی سێ هەزار کەسی لە زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشن

16 March 2025
 
 
گوندی کەلەکان لە زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی بێبەشە، کۆڵانەکانی گوند پڕن لە چاڵ و ئاوەڕۆی ماڵان بەسەر بەشێکی شەقام و کۆڵانەکانی بڵاوە و بۆنی پیس بڵاودەکاتەوە. دانیشتووانی گوندەکە داوای چاککردنی کۆڵانەکان و دابینکردنی هێڵی گواستنەوە بۆ گوندەکەیان دەکەن.
 
ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە زیاتر لە سێ هەزار کەسە و دەکەوێتە 20 کیلۆمەتریی باکووری هەولێر. گوندەکە ئاوەڕۆی سندووقی پێویستە و هەردوو پڕۆژەی چاککردنی کۆڵان و ئاوەڕۆ بە یەیەکەوە دەکرێن.
 
عەبدولکەریم محەممەد، دانیشتوویەکی گوندەکە، لە بەرپرسیار رایگەیاند، "12 ساڵە خەڵکی گوند لەنێو زەحمەتی دەژی، لیژنەیەک هاتە گوند و ئێمە رازی بووین تەنیا کۆڵانە سەرەکییەکان قیرتاوبکرێن، ئەویش نەکرا. هاوین تۆز و خۆڵ و لە زستان قوڕ و لیتە هەراسانی کردووین. چۆن دەبێ گوندێکی سێ هەزار کەسی هێڵی گواستنەوەی نەبێ، هەموو خەڵک ئۆتۆمبێلی نییە و ناشتوانن هەر بە تاکسی هاتووچۆ بکەن."
 
تۆڵە مەهدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە دەڵێت، قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی گوندەکە لەپێشینەی پلانیاندایە، بەڵام بەهۆی "قەیرانی دارایی"ـەوە دوا خراوە. ئەو هیوای خواست کە پڕۆژەکە ئەم ساڵ جێبەجێ بکرێت. هەروەها گوتی، "دابینکردنی هێڵی گواستنەوە بەندە بە چاککردنی شەقامەکانی گوند، تاوەکو رێگەیەکی باشیان نەبێ پاس ناچێتە ئەوێ."
 
رۆستەم کەمال، موختاری گوندی کەلەکان ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵی زۆری داوە بۆ جێبەجێکردنی بەشێکی داواکارییەکانیان، "دوو ساڵە کێشەکە دەگەیێنمە لایەنی بەرپرسیار، لە کۆی 25 کۆڵان ئێمە دەڵێین تەنیا 5 کۆڵانی سەرەکیمان بۆ قیرتاو بکەن. بەڵێن زۆر دراوە و جێبەجێ نەکراوە."