کچێک دەروونی ناجێگیرە و لە هیچ نەخۆشخانەیەک وەرناگیرێت

15 August 2024
کچێک دەروونی ناجێگیرە و لە هیچ نەخۆشخانەیەک وەرناگیرێت
 
عەدنان رەشید

کچێکی تەمەن 38 ساڵ نەخۆشی دەروونیی "توند"ـی هەیە و هیچ نەخۆشخانەیەک ئامادە نییە چارەسەریی پێویستی بۆ بکات بە بەهانەی"خۆ پاکڕانەگرتن". تۆڕی پاراستنی کۆمەڵاتیی هەولێر بەهاوبەشی پارێزگاری هەولێر، یارمەتی دارایی و تەندروستی پێشکێشی نەمام و ماڵباتەکەی دەکات.
 
بەشدار کەریم، برای نەمامە، بووەتە پزیشک، چاودێر و بەخێوکاری خوشکەکەی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "خوشکەکەم جل لەبەرخۆی دەدڕێنێ و بە رووتی دەچێتە کۆڵان. پێش 2014 ماڵی بەڕێوەدەبرد و زۆرباش بوو. دوای 2018 بە تەواوی تێکچوو. ئێستا زۆر تووڕە دەبێ و لە خەڵک دەدات."
 
برای نەمام بەهۆی خوشکەکەیەوە وازی لە کاری لەفەفرۆشتن هێناوە و لەلایەن دراوسێکانیانەوە رۆژانە خواردنیان بۆ دەبردرێ. ساڵح محەممەد، یەکێک لە دراوسێکانی ماڵی نەمام، بە رووداوی گوت: "نەمام هەرچی لەماڵیان هەبێ دەیشکێنێ، ئەوەیشی کە نەشکاوە فرۆشتوویانە بۆ بژێوی."
 
ئەوەی پێویستە بۆ ئەم خانەوادەیە بردنی نەمامە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی بەڵام ئێستا هیچ کام لە نەخۆشخانە دەروونییەکان ئامادە نین نەمام وەربگرن بە بیانوی نەبوونی جێگای تایبەت بۆ ئەو خانمانەی کە ناتوانن ئاگایان لە تەندروست و خاوێنی خۆیان بێت.
 
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر، بە رووداوی گوت: "نەمام و حاڵەتەکانی وەک نەمام لە نەخۆشخانە وەرناگیرێن چونکە تەنیا پیاو وەردەگیرێ، ژمارەی قەرەوێڵە لە نەخۆشخانە کەمە و ئەو نەخۆشانەی کە وەردەگیرێن دەبێ کەسێک وەک چاودێر لەگەڵیان بێت."
 
پسپۆڕێکی پەرستاری دەروونی لە بەرپرسیار بۆ دۆخی نەمام، گوتی، نابێ یەک کاژێر دەرمانەکانی نەمام دوابخرێ. دکتۆر موسڵیح سابیر، گوتی: "لەگەڵ پزیشکەکانی نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر قسە دەکەم و دوو هەفتە لە نەخۆشخانە دەیهێڵینەوە وەک چارەسەرێکی کاتی تاوەکو نیشانەکانی کەمدەکرێتەوە".
 
نەمام چەندین جار بۆ چەند ماوەی جیاواز لە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە سلێمانی ماوەتەوە. بە گوتەی براکەی، لە نەخۆشخانە خوشکەکەیان ناردووەتەوە ماڵ و پێیان گوتوون"خوشکەکەت ناتوانێ خۆی پاک ڕابگرێ".
 
ناخۆشترین دۆخ بۆ ئەم ماڵباتە ئەوەیە، نەمام گەر بچێتە دەرەوەی ماڵ پۆشاکەکانی خۆی دادەکەنێت و لە ماڵەوەش لەکاتی توڕەییدا هەرچی بەردەست بکەوێت لەکاتی توڕەیی دەیشکێنێت و فڕێی دەدات. بۆیە ماڵەکە خاڵییە لە خواردن و پێداویستییەکانی ژیان.
 
تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەولێر، لە رێگەی لیژنەیەکەوە سەردانی ئەو ماڵباتەی کردووە و بەهاوبەشیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هاوکاریی دارایی و پزیشکی پێشکێشی ئەو ماڵباتە دەکەن.
 
 شێخ محەممەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕەکە، لە بەرپرسیار، گوتی:" دۆخی ئەو خێزانە لەوپەڕی خراپیدایە. پارێزگاری هەولێر گوتی، بە زووترین کات ئەو نەخۆشە بهێنرێتە هەولێر. کار گرووپ هاوکاریی دارایی و مانگانەیان دەکات. کەلوپەلی ناوماڵیان بۆ دابیندەکەین. نووسراوێک بۆ وەزارەت بەرزدەکەینەوە بە زووترین کات مووچەیان بۆ دابینبکرێ. پارێزگاری هەولێر بۆ ئەو کەیسە لەسەر هێڵە و لە رۆژی یەکشەممەوە نەخۆشەکە دەهێنینە هەولێر بۆ چارەسەری."