چوار گەنج لە جووڵەی دەست و قاچ کەوتوون و پێویستییان بە هاوکارییە

14 August 2024
چوار گەنج لە جووڵەی دەست و قاچ کەوتوون و پێویستییان بە هاوکارییە
 
عەدنان رەشید

دوو خوشک و دوو برا لە کەمپی دۆمیز جووڵەی دەست و قاچیان نییە و لە دۆخێکی سەخت دەژین. بە گوتەی پزیشکی نەخۆشەکان، چارەسەرییان لە سەنتەرێکی پێشکەوتوو لە ئەورووپا دەکرێ، بەڵام ئەوە لە توانای ئەو خێزانە پەنابەرە نییە.
 
رۆژین ئەحمەد تەمەنی 31 ساڵە. مریەم تەمەنی 29 ساڵە. مستەفا 28 ساڵە و نەبیل 27 ساڵە، هەرچواریان لە تەمەنی 10 ساڵییەوە جووڵەی دەست و قاچیان لەدەستداوە و لە ماڵ کەوتوون. پێشتریش دوو برایان لە تەمەنی 24 ساڵی و 22 ساڵی بەهۆی هەمان نەخۆشیی لاوازبوونی ماسوولکەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
خێزانەکە خەڵکی دێرکی رۆژئاڤای کوردستانن، 11 ساڵە لە کەمپی دۆمیز لە سنووری دهۆک دەژین. دایک وباوکیان بە ساڵاچوون، تەنیا یەک برایان هەیە خزمەتیان دەکات بۆ جێبەجێکردنی پێویستییەکانی رۆژانەیان.
 
مریەم یەکێک لەو چوار نەخۆشەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "زۆر حەزم لە قوتابخانەیە، لە پۆلی سێ نەخۆش کەوتم و وازمهێنا. دەمەوێ چاکببمەوە و بگەڕێمەوە قوتابخانە و خوێندن."
 
بە گوتەی پزیشک، نەخۆشیی ئەو چوار گەنجە بۆماوەییە و لە ماسوولکەکانیان دەدات و لە جووڵەیان دەخات. فەیرۆز محەممەد، دایکی نەخۆشەکان، لە بەرپرسیار، رەتیکردەوە هیچ یەکێک لە ماڵباتەکەیان پێشتر ئەو نەخۆشییەی هەبێت. گوتی: "دوو کوڕی گەنجم بە هەمان نەخۆشی لەدەستداوە. داوای هاوکاری دەکەم و نامەوێ ئەو چوار منداڵەشم لەبەرچاوم گیان لەدەستبدەن."
 
دکتۆر عیسا محەممەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، لە بەرپرسیار گوتی: "نەخۆشییەکە لە خوێنی دایک و باوکیان دا هەیە و بۆ منداڵەکان گواستراوەتەوە."
 
وەک دکتۆر عیسا محەممەد باسیدەکات، چوار نەخۆشەکە جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە سەر باری ئاسایی پێشوویان؛ بەڵام دەتوانرێ لە سەنتەرێکی پێشکەوتووی ئەورووپا دۆخیان باشتربێ و شێوازی ژیانیان دەگۆڕدرێت. "ئێستا مەترسیی زۆر لەسەر ژیانی هەرچواریان هەیە".
 
محەممەد ئەحمەد، تەنیا کەسە لەو ماڵباتە، ساخە، رۆژانە خزمەتی خوشک و برا، دایک و باوکە بەساڵاچووەکەی دەکات. ئەو ماڵباتە چاوەڕێی دەستێکی هاوکاریی و خێرن بۆ رزگاربوونیان لەم دۆخە سەختە.