دایکی دوو منداڵی ئۆتیزم لە دۆخێکی سەخت دەژی

14 July 2024
دایکی دوو منداڵی ئۆتیزم لە دۆخێکی سەخت دەژی
 
 
 
دایکێک بە دوو منداڵی تووشبووی ئۆتیزمەوە ماوەی دوو ساڵە لە ماڵی باوکی لە بنەسڵاوە دەژی. مانگی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە تەڵاقنامەی بۆ دەچێت، بە بەهانەی"بێ پرسی ئەو منداڵەکانی بردووەتە سەنتەری تایبەت بە راهێنان".
 
دایکی دوو منداڵەکە دەڵێت: "هاوژینەکەم لە خانوو دەریکردم و رێگەی نەدا منداڵەکان بنرێرینە سەنتەر. نەفەقەی من و منداڵەکانی نەداوە. ئێستا لە دۆخێکی سەخت دەژین و لەگەڵ منداڵەکانم پێویستمان بە هاوکارییە".
کەیسی ئەو ئافرەتە هێشتا لە دادگەی جێبەجێکردن یەکلانەبووەتەوە. زانا نەبەز، پارێزەری کەیسەکەیە، دەڵێت: "باوکی منداڵەکان یەکلایەنە هاوژینەکەی تەڵاق داوە. ژنەکە هەموو مافێکی کەوتووە و لە دادگە بڕیار دەرچووە. باوکەکە پێشمەرگەیە و نووسراوی خەرجیی منداڵەکان بۆ وەزارەت رۆیشتووە بەڵام لەلایەن بەشی دارایی وەزارەتەوە لێبڕین لە مووچەکەی بۆ نەفەقە جێبەجێ نەکراوە."
هەفتەی داهاتوو وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات. هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گوتی: " وەزیر بۆ سێ مەبەستی گرنگ دەچێتە بەغدا. تۆماری نوێی کەمئەندامان بۆ بڕینەوەی مووچە. هاوتاکردنی مووچە و گەڕاندنەوەی مووچەی چاودێریی خێزان."
بە گوتەی هەوراز عەبدولقادر، هەر خێزانێک تووشبووی ئۆتیزمیان هەیە دەتوانن ناویان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لە لیستی داهاتوو ئامادەیان بکەین و بۆ بەغدایان بنێرین، "بەڵام ئەمە بۆ قۆناخی دوای پەسندکردنی وەجبەی یەکەمە".