خاوەن نووسینگەیەک ژمارەیەک خانوو و زەوی زیاتر لە جارێک فرۆشتووە و هەڵهاتووە

خاوەن نووسینگەیەک ژمارەیەک خانوو و زەوی زیاتر لە جارێک فرۆشتووە و هەڵهاتووە
 
عەدنان رەشید
 
خاوەن نووسینگەیەک لە گوندی بنەسڵاوەی بچووک ژمارەیەک زەوی و خانووی زیاتر لە جارێک فرۆشتووە؛ مۆبایلی داخستووە و شوێنی نادیارە. ژمارەیەک لەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە لەبەردەم رووداو کۆبوونەوە و داوایان کرد مافیان بۆ بگەڕێندرێتەوە. برایەکی تۆمەتبار، دەڵێت: "نازانین لە کوێیە و دەمانەوێ دەستگیربکرێت".
 
بەشێک لەو کەسانەی زیانلێکەوتوون، لە بەردەم نووسینگەی سەرەکیی رووداو لە هەولێر کۆبوونەوە. مەڕوان، زیانلێکەوتوویێکە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "زەوییەکم لە تۆمەتبار بە 58 وەرەقە لە 2021 کڕی. سێ خاوەنی دیکەی پەیدابووە، نووسینگەیەکی دیکە زەوییەکەمی فرۆشتووەتەوە."
 
بابەتەکە لەو کاتەی خاوەن نووسینگەکە هەڵهاتووە و مۆبایلی داخستووە ئاشکرابووە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا تەنیا چەتۆ محەممەد، وەک زیانلێکەوتوو، سکاڵای لە بنکەی پۆلیس تۆمارکردووە.
 
چەتۆ محەممەد، زیانلێکەوتوو، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: "خانووەکەم 5 خاوەنی لێ پەیدابووە. لە 2021 بە بڕی " 194 وەرەقە"19500 دۆلار کڕیوە."
 
تۆمەتبار ماوەی 6 ساڵە لە گوندەکە نیشتەجێیە و کاری هاوبەشی لەگەڵ موختاری گوند کردووە. سامان ساڵح، موختاری گوندی بنەسڵاوەی بچووک، گوتی: " خانوویێکی منیشی فرۆشتووە. نووسینگەکە کاری زێدەرۆیی کردووە بۆیە بە فەرمانی حکومەت داخراوە . کە داخراوە و خەڵک لەو ماوەیە داوای کرێ خانووی دەکرد زانیبوویان کە خانوویان فرۆشراوە. خانوو هەیە سێ جار فرۆشراوە ، زەوی هەیە بە چوار کەس فرۆشراوە."
 
بەپێی نموونەی ئەو گرێبەستانەی نێوان فرۆشیار"تۆمەتبار" و کڕیار کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لەسەر گرێبەستەکان نووسراوە"لایەنی یەکەم فرۆشیار بەرپرسە لە کێشەی مەدەنی".
 
رووداو پەیوەندیکرد بە دوو ژمارە مۆبایلی تۆمەتبار، ژمارەکان داخرابوون و لە دەرەوەی هێڵی ئینتەرنێت بوون.
 
سەرهەد محەممەد، برایەکی تۆمەتبارە، نەیویست لە بەرپرسیار، قسەبکات، لەسەر بابەتەکە، بە رووداوی گوت؛ "برایەکەم سێ پارچە زەوی من، باوکم و براکەمی بێ ئاگاداری ئێمە فرۆشتووە. 24 کاژێرە ئاگاداری دۆخی نین و نازانین لە کوێیە. دەمانەوێت دەستگیربکرێت."
 
بە گوتەی سەرهەد محەممەد، تۆمەتبار لە ساڵی 2013 هەمان کاری لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی دیکە کردووە و بڕی "120 دەفتەر دۆلار"ـی خەڵکی بردووە و تاوەکو ساڵی 2018 خۆی ونکردووە.
 
بەکارهێنانی مۆری موختار و "فێڵکردن" لە خەڵک، دوو مادەی یاسایی جیا دەگرێتەوە. هاوار گەردی، پارێزەری راوێژکار، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئەگەر موختار هاوبەشی کارەکەی بێ هەمان شێوەی تۆمەتبار، موختاریش بەپێی مادەی 456 ی یاسا، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ کە سزاکەی لە 5 مانگ تاوەکو 5 ساڵ بەندکردنە."
 
لە گوندی بنەسڵاوە 600 ماڵ هەن . سێ رۆژ بەسەر کاتی دیار نەمانی خاوەن نوسینگەکە تێدەپەڕێت و تا دێت خەڵکی دیکە وەک خاوەن خانوو یان خاوەن زەویی گوندەکە خۆیان دەناسێنن.