سەرجەم رێگەکانی نێوان سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین داخران
رێگەکانی گەیشتن لە ئیدارەی راپەڕینەوە بۆ سلێمانی بەتەواوی داخران. دانیشتووانی ناحیەکانی بنگرد و خەلەکان، دەڵێن، تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێ، "رێگە ناکەینەوە". تەنیا رێگەی هاتووچۆش لەنێوان سلێمانی-هەولێر، جگە لە کەرکووک، رێگەی دەشتی کۆیەیە، قەرەباڵخی زۆری لەسەرە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێکی گوندنشینانی بەری مەرگە لە سنووری ناحیەی بنگرد، چوونە سەر رێگەی سەرەکی نێوان ئیدارەی راپەڕین-سلێمانی و رێگەکەیان داخست. لەسەر رێگەکەش خێوەتیان هەڵداوە.
محەممەد قادر، دانیشتووی ناحیەی بنگردە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "57 گوند لە سنووری ناحیەی بنگرد فەرامۆش کراون. چەند داواکارییەکمان هەیە، لەوانە؛ کارەبامان خراپە. بنکەی تەندروستیمان هەیە، بەڵام پزیشک و کەلوپەلی پزیشکی نییە. پشتیوانی جووتیار ناکرێ، ئاگرکوژێنەوەمان نییە. رێگەوبانمان چاکبرێ. دەڤەری مەرگە بخرێتەوە سەر ئیدارەی راپەڕین."
پەیامنێریی رووداو لە سنووری راپەڕین رووماڵی داخستنی رێگەکانی بنگرد، خەلەکان و خدرانی کرد. دیلان عەبدولڕەحمان، قوتابییە و لە کاتی گەڕانەوەی لە تاقیکردنەوەی قوتابخانە، رێگەیان لێگیرابوو، بە ئەبوبەکر ئیسماعیلی گوت: "سەرەتا کە هاتین رێگە نەگیرابوو، بۆ رۆژانی داهاتوو ئەگەر رێگە گیرابوو ناچارین دەبێ بە پێ بڕۆین، چونکە ئێمە خۆمان نزیکی نیو کاژێر پێش تاقیکردنەوەکە دێین، ئەگەر لێرەوە رێگە بگیرێت دوادەکەوین.''
لە کۆی پێنج رێگەی سەرەکیی نێوان پارێزگاکانی هەولێر-سلێمانی، سێ رێگەیان بەتەواوی داخران. واتە جگە لە رێگەی کەرکووک، تەنیا رێگەی کۆیە ماوە ئۆتۆمبێلی بچووک و بارهەڵگر هاتووچۆی پێدا بکەن، رێگەکە قەرەبالخ بووە، بەوهۆیەشەوە ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتووچۆدا، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون.
حەوت رۆژە دانیشتووانی ناحیەی خەلەکان، رێگەی هاتووچۆیان گرتووە و لە کانی وەتمان خێوەتیان هەڵداوە. ئەوان داوای تەواوکردنی پڕۆژەی دووسایدی دووکان-چوارقوڕنە و پێدانی کارەبای زیاتر دەکەن.
دانیشتووانی خەلەکان رەتیدەکەنەوە رێگەکە بەڕووی شۆفێران بکەنەوە. نەبەز مەعرووف، نوێنەری خەڵکی خەلەکان، لە بەرپرسیار، گوتی: "تاوەکو ئێستا تەنیا بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان و قایمقامی دووکان هاتوونەتە لامان و پێمان دەڵێن، داواکارییەکانتان دەگەیێنین، ئەگینا هیچ بەڵێنێکمان وەرنەگرتووە. لەماوەی یەک ساڵدا سێیەم جارە شەقام دەگرین، دووجاری رابردوو بەڵێنی درۆیان پێداین، ئەمجارە بەهیچ شێوەیەک رێگە ناکەینەوە تاوەکو دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکە نەکرێتەوە."
داخرانی رێگەی خەلەکان و بنگرد، گوشاری بۆ رێگەی کۆیە دروستکردووە. قائیمقامی کۆیە دەڵێت: "رێگەی کۆیە بەرگەی ئەو گوشارە ناگرێت."
حاکم تاریق حەیدەری، قائیمقامی کۆیە لە بەرپرسیار، گوتی: "هەموو كێشەکە هاتووەتەوە سەر کۆیە، ئێمەش نەمانتوانیوە چارەسەری بکەین، لە کۆیەش رێگەی دەرەوە نییە، چارەی سەرەکیی کێشەکە تەواوکردنی دووسایدی دووکان و دووسایدی کۆیەیە."
سەبارەت بە دووسایدی رێگەی کۆیە-هەولێر، قائیمقامی کۆیە، گوتی: "تەواوی دیزاینی پڕۆژەکە گۆڕدرا. سێ ساڵ بۆ پڕۆژەکە دانراوە، پڕۆژەکە بە پێنج قۆناخ جێبەجێ دەکرێ و کارکردن لە قۆناخی یەکەم و دووەم دەستیپێکردووە و بەم نزیکانە کارکردن لە قۆناخی سێیەم و چوارەم دەستپێدەکات.کارەکان بە باشی دەڕوات و بەبەردەوامی نزیکەی 150 ئامێر کار لە پڕۆژەکە دەکەن."
بەردی بناخەی پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی دووکان-چوارقوڕنە لە ساڵی 2013 دانراوە و تاوەکو ئێستا لەکۆی سێ قۆناخی پڕۆژەکە، تەنیا یەک قۆناخی تەواوکراوە و دوو قۆناخی جێهێڵدراوە.
کۆمپانیای جێبەجێکار بە "وەرگرتنی پارەی زیاد" تۆمەتبار دەکرێت. بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی، هۆکاری کێشەکە بۆ "خەرجنەکردنی پارە و راوێژپێنەکردنیان" دەگەڕێنێتەوە.
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی لە بەرپرسیار، گوتی: " قۆناخی دووەمی رێگەی دووکان-خەلەکان دوو ساڵی بۆ دانرابوو، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایییەوە جێبەجێ نەکرا. تاوەکو ئێستا 40٪ـی پڕۆژەکە تەواو کراوە. پێشتر هەندێ پڕۆژەی تەکنیکی و کارگێڕی هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا کێشەکە، تەرخاننەکردنی پارەیە."
گوژمەی پڕۆژەی دووسایدی دووکان-چوارقوڕنە 53 ملیار دینارە، 3 ملیار دیناری بۆ قەرەبووی ئەو زەوییانە تەرخانکراوە، کە ئاراستەی رێگەکە دەکەوێتە ناوی. بەڵێندەری پڕۆژەکە تاوەکو ئێستا 24 ملیار دیناری پارەی تەرخانکراوی پڕۆژەکەی وەرگرتووە.
محەممەد جەلیل، گوتی: "بەڵێندەر ئامادەیە دەست بە کارکردن بکاتەوە، بەڵام پارەی دیکەی بۆ تەرخان ناکرێت. بەڵێندەر دان بەوەدادەنێت کە 4 ملیار دیناری زیاد لە کارکردنی پڕۆژەکەی وەرگرتووە، بەڵام ئامادەیە لەگەڵ وەرگرتنی بڕە پارەیەک لەگەڵ ئەو پارە زیادەی وەریگرتووە دەست بە کاربکاتەوە. ئێستا لە تەرخانی 2024 پڕۆژەکە ملیارێک و 800 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە. لە 2025 داوای 15 ملیار دینارمان کردووە، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر پەسندکردنی ئەو بڕە پارەیە نەدراوە، داواکاریمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە پەسندی بکات و لە تەرخانەکەش گرنگتر ئەوەیە کێشەی نەختینە بۆ بەڵیندەر دروستنەبێت."
بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی، رەتیکردەوە پلانیان هەبێ رێگەی بنگرد-سلێمانی بکرێتە دووساید."رێگەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و لە پلانیشمان دا هەیە. بەڵام ئێستا دووسایدکردنی پێویستییەکی گرنگ نییە. بۆ نۆژەنکردنەوە خراوەتە پلانی 2025."
بهشی بكه لە