گەڕەکێکی سنووری هەولێر داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکەن

12 March 2025
گەڕەکێکی سنووری هەولێر داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکەن
گەڕەکی تۆبزاوە ئەحمەدی لە سنووری پارێزگەی هەولێر 720 ماڵن و  لە زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشن، لە وەزری زستان بەتانکەر ئاو دەکڕن.
 
گەڕەکەکە چوار بیری ئاوی هەیە و یەکێکیان وشکی کردووە. مەولوود محەممەد، میراو، لە بەرپرسیار، گوتی: "کە ئاو نایەت من تۆمەتبار دەکەن، سوپاس بۆ خوا سێ رۆژە کارەبا باش بووە و ئێمەش هەموو قفلەکانمان کردووەتەوە."
 
مەحموود خورشید، دانیشتوویێکی گەڕەکەکە، لەبەرپرسیار، گوتی: "بێئاوی تەنگی پێهەڵچنووین، بەهۆی بێکارەباییەوە ئاو نییە. ئەگەر بیر بخەنە سەر کارەبا، بێئاوی چارە دەبێت. ماوەی سێ رۆژە کارەبا باشە و ئاویش باشبووە. بەڵام ئەم زستانە بەردەوام ئاومان کڕیوە تانکەری بە 20 بۆ 30 هەزار دینار دەکڕین. سەگی بێلانەش لە گەڕەکەکەمان بووەتە مەترسی لەسەر دانیشتووانەکەی."
 
13 ستوونی کارەبا لەنێو بەشێکی کۆڵانەکانن و نیوەی کۆڵانەکان چاککراون و کۆڵانەکانی دیکە هەڵکەندراون و پڕۆژەکە بە تەواونەکراوی جێهێلدراوە. ئاکۆ عەبدوڵلا، موختاری گەڕەکەکە، لە بەرپرسیار، گوتی: "بەڵێندەر نیوەی پڕۆژەکەی چاککردووە و جێیهێشتووە. سەردانی شارەوانی، پارێزگام کردووە، دەڵێن، بس پارە بێت پڕۆژەکە تەواو دەکەین."
 
گەڕەکەکە لە سەوزایی، باخچەی منداڵان بێبەشە و قوتابخانەیەکی کۆنی هەیە کە بەشێکی پۆلەکان لە کابینە پێکدێن و نزیکەی 60 قوتابی لە یەک پۆل دەخوێنن.