ماڵباتێکی شنگال بە "رفاندن"ـی چوار منداڵ تۆمەتبار دەکرێن

11 September 2024
ماڵباتێکی شنگال بە "رفاندن"ـی چوار منداڵ تۆمەتبار دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
 
دایکێکی ئێزدی، ماڵباتێکی شنگال بە "رفاندن"ـی چوار منداڵەکەی تۆمەتبار دەکات. ماڵباتە شنگالییەکە تۆمەتەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، "بە ئارەزووی خۆیان هاتوون و نەڕفێندراون".
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رووداوەکە بە "رفاندن" ناودەبات و تۆمەتبارانیش بە "گرووپی چەکداری لە یاسا دەرچوو".
 
منداڵەکان سێ کوڕ و کچێکن، تەمەنیان لەنێوان 5 تاوەکو 17 ساڵە. دایکی منداڵەکان لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "سەردانی شنگالم کرد، دوای گەڕانەوەم لە شاریا منداڵەکانیان برد و لێیان رفاندنم. عەقڵی کچەکەم تەواو نییە و هەڵخەڵەتێندراوە".
 
دایکی منداڵەکان چوار کەس لە شنگال بە رفاندنی منداڵەکانی تۆمەتبار دەکات. بەدەل خەڵەف، کەسایەتیی ئێزدی و یەکێک لە تۆمەتباران، رەتیدەکاتەوە منداڵەکان رفێندرابن. بەدەل خەڵەف گوتی، "کچەکە تەلەفۆنی کرد و گوتی دێینە شنگال. ماڵباتی منداڵەکان پێشتر لە 2007 برایەکی رەشۆیان کوشتووە و هەڵاتوون بۆ سلێمانی. ماڵی کوژراو لێیان خۆشبوون و ئازادن لە هاتووچۆیان و هەقیان بەسەر منداڵەکان نییە".
 
یەکێک لە براکانی چوار منداڵەکە، بەدەل خەڵەف، بە تۆمەتباری سەرەکیی "رفاندن"ـی چوار منداڵەکە ناودەبات. عەبدوڵڵا خەڵەف، لە بەرپرسیار گوتی، "خەڵەف حیزب پشتیوانی دەکات و ئەو خوشک و براکانمی رفاندووە و گوتوویەتی، بڕۆن چی دەکەن بیکەن".
 
یەکێک لە چوار منداڵەکە کچە و تەمەنی 17 ساڵە، بە رووداوی گوت، "هیچ کەسێک ئێمەی نەڕفاندووە و بەئارەزووی خۆمان هاتووینەتە شنگال و ئێستا لە تەل عوزێرین. ئەوەی دەگوترێت ناڕاستە".
 
دایکی چوار منداڵەکە، دەڵێت، "کچەکەم هەڵخەڵەتێندراوە، هەڕەشەمان لەسەرە و ناتوانین بچینە دهۆک". عەبدوڵڵا خەڵەف گوتی، "دادگەی هەولێر سکاڵای لێوەرنەگرتین و پێمان گوترا رووداوەکە لە دهۆک بووە و لەوێ سکاڵا بکەن". باوکی منداڵەکان لە ژیان نەماوە و لە گوندێکی سنووری کۆیە نیشتەجێن.
 
تۆمەتباری دووەمی رووداوەکە، هاوشێوەی تۆمەتباری یەکەم رەتیدەکاتەوە منداڵەکان رفێندرابن. رەشۆ شەرەف گوتی، "لە 2007 برایەکی منیان رفاند، کوشتیان و ئۆتۆمبێلەکەیان برد. هیچ پەیوەندییەکمان پێیانەوە نییە و منداڵەکانیان ئازادن لە شنگال بمێننەوە یان نا. منداڵەکان تاوانیان نییە".
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، رووداوەکەی بە "رفاندن" ناوبردووە و رایگەیاندووە، "خێزانەکە لەکاتی گەڕانەوەیان چەند کەسێکی چەکداری لە یاسا دەرچوو لەرێگای کەمپی شاریا رێیان لێدەگرن کە چەکدارەکان خەڵکی هەمان ناوچەکەی خۆیانن لە سنووری شنگال، چوار لە منداڵەکانی دەبەن و بە بارمتەیان دەگرن و لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای پارە و واژۆکردنی بەڵگەنامەیان لێ دەکەن".
 
بڵند مستەفا، پارێزەری راوێژکار لە بەرپرسیار گوتی، "ئەگەر منداڵەکان بە حەزی خۆشیان رۆیشتبن دەچێتە چوارچێوەی رفاندن".
 
لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای پاراستنی منداڵ لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و پەسند نەکراوە و نەبووەتە یاسا. بڵند مستەفا گوتی، "گەڕاندنەوەی دەستبەجێی ئەو منداڵانە ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە".
 
دەستەی مافی مرۆڤ بە "تووندی" سەرکۆنەی کارەکەی کردووە و داوایشی کردووە رێکاری ئەمنیی پێویست بگیرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی کەسەکان و رادەستکردنیان بە دادگە و "وەرگرتنی سزای خۆیان".