500 خێزانی پەنابەری رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان بێ ناسنامەن

11 July 2024
500 خێزانی پەنابەری رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان بێ ناسنامەن

کوردی رۆژئاوای کوردستان بۆ وەرگرتنی ناسنامە بۆ سێ بەش پۆلێنکراون. یەکەم، هاووڵاتیی سووری. دووەم، هاووڵاتیی بیانی. سێیەم، (مەکتووم). جۆری سێیەم هەموویان بێ ناسنامەن و بەپێی بڕیاری ساڵی 1962 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ و لە زۆربەی مافەکانیشیان بێبەشن. نزیکەی 500 خێزانی مەکتووم لە هەرێمی کوردستان دەژین.

هەمزە عەبدو، پەنابەرێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە جۆری سێیەم"مەکتووم"ـە. لە بەرپرسیار باسی گرفتەکانی بەردەم بێ ناسنامەیی دەکات و دەڵێت: "10 کەس لە خێزانەکەم بێ ناسنامەن. منداڵەکان مافی خوێندنیان نییە. مافی گواستنەوەی ماڵمان بۆ شارێکی دیکە نییە. ناتوانین موڵک بەناوی خۆمان بکەین."

ئەو 500 خێزانە بێ ناسنامەیە لە هەرێمی کوردستان کارتی نشینگەیان هەیە و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

هۆزان عەفرینی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەو خێزانانەی مەکتوومن 'بێ ناسنامەن' لە هەرێمی کوردستان مافیان پێدەدرێ. لەگەڵ بەشێکی رێکخراوەکان ئامادەکاریی دەکەین بۆ گرتنەبەری چارەسەریی کێشەکە."

پەرلەمانتارێکی پێشووی کورد لە پەرلەمانی سووریا "سێ جار" بابەتی بێ ناسنامەیی" گەیاندووەتە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا. عومەر ئۆسێ، پەرلەمانتاری پێشوو و سەرۆکی دەستپێشخەریی کورد لە سووریا، گوتی: "سەرۆکی سووریا بەڵێنی دا قسە لەگەڵ وەزیرەکانی داد و ناوخۆ بکات و رێگەچارەسەریی بدۆزێتەوە."

بە گوتەی مامۆستایەکی زانکۆی قامیشلوو، ناونووسینی ئەو کەسانەی بێ ناسنامەن بەردەوامە، بەڵام "کێشەی زۆری بۆ دروست دەکرێ". د. فەرید سەعدوون، گوتی: "دراوسێیەکم بە 12 ساڵ توانی ناسنامە دەستبخات. رێکارە ئەمنییەکان زۆر ئاڵۆزن و کێشەی زۆرت بۆ دروستدەکەن."