یەک ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نادیارە؛ بەغدا دەڵێت ناردوویانە

10 September 2024
یەک ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نادیارە؛ بەغدا دەڵێت ناردوویانە
300 جووتیار، سایلۆی هەولێر بە دیارنەمانی یەک ملیار دینار تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، "وەک پاداشت لەنێو خۆیان دابەشیان کردووە." سایلۆی هەولێر تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "کورتهێنانە". وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، "زانیارییەکان ورد نین" و لێکۆڵینەوە دەکەن.
 
جووتیاران گەنمەکانیان لە ساڵانی 2015 و 2016 رادەستکردووە و دەڵێن، هەرچەندە بەغدا درەنگ و لە چەند قۆناخێکدا پارەکەی بۆ ناردوون، بەڵام ئەویشیان بەدەست نەگەیشتووە و لەناو سایلۆ شوێنبزرە.
 
رەقیب شێخانی، یەکێک لەو جووتیارانەی دوو چەکی بانکی هەیە و پارەکەی وەرنەگرتووە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "پێویست بوو پارەی گەنمەکەم بە چوار گوژمە وەربگرم، دوایین گوژمەم وەرنەگرتووە کە بڕەکەی 20 ملیۆن دینارە."
 
سەباح خەیات، جووتیار ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو پارەیە لە بەشی جووتیاران کە دەبووایە رۆژانە جووتیاران بچووبان چەکەکانیان وەرگرتبا و پارەیان پێبدرابا، بەڵام ئەو پارەیە کراوەتە پاداشت بۆ هەندێک بەرپرس و کارمەندی سایلۆ، داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەم لیژنەیەک پێکبهێنێت و پارەی ئەو خەڵکە بدات، ملیارێک یان دوو ملیار بۆ حکومەت پارەیەکی زۆر نییە و دەتوانێت بیدات؛ ئەگەر نەکرا، ئێمە کۆمەڵێک جووتیارین و دەچینە بەغدا لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین."
 
جووتیارێکی دیکە بەناوی حاجی یاسین رەسوول ئاماژەی بەوە کرد، "بەپێی نووسراوێک، پارەی ئێمە هاتووە، ئێمە گەنممان رادەستی حکومەت کردووە، بەڵام کەسانێک پارەی ئێمەیان خواردووە، ئێستا حکومەت بەرپرسیارە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو پارەیە. چەندین بەدواداچوونمان کردووە و تەنانەت لەگەڵ کەمال موسلیم کۆبووینەوە؛ ئەو پارەیە هاتووە و خەرجکراوە."
 
ئەو جووتیارانەی چەکی پارەکانیشیان وەرگرتووە، کاتێک سەردانی بانکیان کردووە، پێیان گوتراوە، پارەی ئەو چەکانە نەماوە؛ بەپێی ئەو نووسراوەی لەلای پارێزەری جووتیارەکانە، چارەنووسی زیاتر لە 990 ملیۆن دینار نادیارە.
 
جووتیاران سکاڵایان لە داواکاری گشتی تۆمار کردووە، داواکاری گشتی نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش نووسراوی بۆ وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان کردووە، وەزارەتەکە لە 08-07-2024 بە نووسراوێک وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی داوەتەوە و رایگەیاندووە، "پێویست بوو ئەم بڕە پارەیە بە نووسراو لەلایەن سایلۆی هەولێرەوە ئاراستەی بەغدا بکرابا بۆ تەمویلکردنی ئەم بڕە پارەیە، بەڵام تاوەکو ئەم دواییە نووسراو ئاراستەی بەغدا نەکراوە بۆ وەرگرتنی ئەم بڕە پارەیە، بۆیە کورتهێنان دروستبووە."
 
جووتیاران سایلۆی هەولێر تۆمەتبار دەکەن بە دیارنەمانی پارەکە و دەڵێن، "وەکو پاداشت لەنێو خۆیان دابەشیان کردووە". محەممەد سەباح، پارێزەری کەیسەکە لە بەرپرسیار گوتی، "پارەکە لە بەغداوە نێردراوە، بەڵام لەلایەن سایلۆوە وەکو پاداشت بەسەر فەرمانبەرانیان دابەشکرا، ئەمەش نایاساییە و زیاتر لە 250 جووتیار سکاڵایان کردووە."
 
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە و بە رووداوی گوت، "پارەی گەنمی ساڵی 2015 کورتهێنانی هەیە و بەشی شایستەی جووتیاران ناکات. دوو لیژنە بۆ چارەسەری کێشەکە پێکهێندراوە. هەوڵ بۆ چارەی کێشەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام."
 
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوی ژمارە 3150 کە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، رایگەیاندووە، "لە 02-04-2024 داوا کراوە بڕە پارەکە بنێردرێ، ئێستا لە بەغدا لێکۆڵینەوە بەردەوامە و بەپێی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بەغدا، دوو فەرمانبەری سایلۆی هەولێر سزای (گەڤ)یان بۆ هاتووەتەوە لەسەر کەمتەرخەمی لە کارەکانیان."
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە کێشەی ئەو 300 جووتیارەی هەولێر دەکەن. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە رووداوی گوت، "شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ریشەوە چارەسەر کرا. بابەتەکە بۆ هەمیشە داخرا."
 
محەممەد حەنوون گوتیشی، "بە هیچ شێوەیەک ناکرێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران تەرخان کرابێت، بدرێتە کەسانی دیکە بەناوی پاداشت. وەزارەتی بازرگانی لێپێچینەوە لەم بابەتە دەکات. هەرچەندە رەتیدەکەمەوە شتی وا کرابێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە لایەنێک یان کەسانێک ئەم کارە بکەن. رەنگە زانیارییەکان ورد نەبن، بۆیە لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە دەکەین و رێکارەکانی خۆمان دەگرینەبەر لە پرسی دابەشکردنی پاداشت بۆ ژمارەیەک بەرپرسی سایلۆکان."
 
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەوان چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەکەن، "بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکە و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم."
 
شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2015 و 2016 بڕەکەی 273 ملیار دینارە و پار ساڵ دوایین گوژمەی ئەو پارەیە لەلایەن بەغداوە رەوانە کرا، کە بڕەکەی نزیکەی یەک ملیار دینار بوو، کە پارەی ئەو جووتیارانەی هەولێر بوو.