لە دەربەندیخان چەند کەسێک هێرشدەکەنە سەر نیڤشکانێک؛ 'سووکایەتی پێکراوە و بە کورسی لێیدراوە'

08 August 2024
لە دەربەندیخان چەند کەسێک هێرشدەکەنە سەر نیڤشکانێک؛ 'سووکایەتی پێکراوە و بە کورسی لێیدراوە'
رووداو دیجیتاڵ 


گەنجێکی تەمەن 36 ساڵی نابیست و ناگۆ، بەگوتەی کەسوکارەکەی چەند کەسێک رێگەیان پێگرتووە و لێیانداوە، بەهۆیەوە پەنجەیەکی دەستی شکاوە و پشت و سنگیشی ئازاری پێگەیشتووە.
 
ئالان یاسین، لە تەمەنی نۆ مانگییەوە باوکی گیانی لەدەستداوە و دایکی لە دەربەندیخان بە تاقانەیی بەخێویکردووە، نزیکەی هەفتەیەکە ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچێکی نابیست و ناگۆ پێکهێناوە.
 
رووداوەکە لە دەربەدنیخان بووە و بۆچارەسەر هێنراوەتە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی. دایکی باس لە چۆنییەتی رووداوەکە دەکات.
 
کەژاڵ رەشید، دایکی ئالانە و دەڵێت: "کوڕەکەم رۆشتووە بۆ ناو بازاڕ بۆ کاری چاککردنەوەی سەتەلایت، بەڵام لە رێگە ئەم کەسانە دێنە سەر رێگەی و سووکایەتی پێدەکەن و شەڕی لەگەڵ دەکەن، بە کورسی لێیدەدەن، بۆیە داواکارم لە سەرکردەی حیزبەکان و رێکخراوەکانی مافی کەمئەندامان و نابیستان لەسەرمان بێنەدەنگ و مافەکانمان بپارێزن."
 
دوو کەس بەتۆمەتی شەڕکردن لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەکرێت، بۆئەوەی بزانرێت هۆکاری سەرەکی چی بووە.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "دوو کەس بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون و تاوەکو 11ی ئەم مانگە بەنددەکرێن و دۆسیەکە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە."
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بووە و کەسوکاری گەنجە نابیستەکە داواکارن بکەران بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
 
'سووکایەتی بە کوڕەکەم کراوە و بڕبڕە و پەراسووی شکاوە' 
 
کێشەی ئالان بابەتی بەرنامەی بەرپرسیاری ئەمڕۆی رووداو بوو کە کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات؛ کەژاڵ رەشید، دایکی ئالان، گوتی: "سووکایەتیی بە کوڕەکەم کراوە، قبووڵی نەکردووە و بووە بەشەڕ. کوڕەکەم پەنجەی شکاوە، بڕبڕە و پەراسووی شکاوە. نەشتەرگەریی بۆ دەستی دەکرێ."
 
دایکی ئالان رەتیدەکاتەوە خزمایەتییان لەگەڵ تۆمەتباران هەبێ. دەشڵێ: "کوڕەکەم بە جلی خوێناوییەوە هاتەوە ماڵ. هەفتەیەکە ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، جلەکانمان گۆڕی و بردمانە بنکەی پۆلیس و سکاڵامان کرد."
 
ئالان بۆ چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و خەوێندراوە. بە گوتەی دایکی ئالان، "زیان بەردەستی کەوتووە. راپۆرتی پزیشکی دەڵێ؛ پەنجەی ئاوساوە، بەڵام لە پشکنین دەردەکەوێ پەنجەی شکاوە."
 
لەسەر رووداوەکە دوو کەس بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون. سلێمان سەعید، قایمقامی دەربەندیخان، لە بەرپرسیار گوتی: "دوو کەسەکە بە مادەی 413 راگیراون. رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ کاژێر 07:00 بووە. ئالان لەگەڵ دوو گەنجی هاوتەمەنی بەهۆی گاڵتەکردنەوە دەمەقاڵێ دروستبووە و بووەتە شەڕیان. ئالان پەنجەی برینداربووە. دوای شەڕەکە ئالان لەگەڵ دایکی لە پۆلیس سکاڵایان کردووە."
 
کۆمەڵەی نابیستان، ئاگاداری رووداوەکەیە. فەرەیدوون شێرزاد، سەرۆکی نابیستانی کوردستان-لقی سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئەمڕۆ رووداوەکەمان زانی و نازانین ئەو کەسانە کێن هێرشیان کردووەتە سەری. لە نەخۆشخانە سەردانی ئالان دەکەین و داکۆکی لە مافی هەموو نابیستێک دەکەین."
 
نەجات مەحموود، خاڵی ئالان، بە رووداوی گوت: "ئالان بۆ کڕینی پێداویستی ماڵ چووەتە دەرەوە، لە رێگە سێ کەس جنێوی نەشیاویان پێداوە، جنێویان بە هاوژینەکەی داوە کە هەفتەیەکە گواستوویەتەوە. ئەویش قبووڵی نەکردووە و بووەتە شەڕیان. دەستی لە دوو شوێن شکاوە. بڕبڕەیەکی پشت و پەراسوویەکی شکاوە."