ژینگەپارێزێک: لە کاتی کار قاچم شکا و کەس لێی نەپرسیم

08 July 2024
ژینگەپارێزێک: لە کاتی کار قاچم شکا و کەس لێی نەپرسیم

شەوکەت ئادەم، ژینگەپارێزە، ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی شکانی قاچییەوە لە کاتی کۆکردنەوەی خاشاک، قاچی بەر کەپسی ئۆتۆمبێلی پاککەرەوە دەکەوێ. وەک خۆی دەڵێت، کەس لێی نەپرسیوە و خەرجیی دابین نەکردووە.

شەوکەت ئادەم بە رووداوی گوت: "پەیوەندیم بە کۆمپانیاکەمەوە کرد گوتیان تەنیا یەک رۆژ مۆڵەتت پێدەدەین، ئەگەر بشمری پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."

کۆمپانیاکە رەتیدەکاتەوە ئاگاداری سەرەتای رووداوەکە بن. هاوێژ محەممەد، بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە کۆمپانیای هاڤەر، گوتی: "ئەمڕۆ سەردانمان کرد، مووچەی یەک مانگمان بۆ خەرجکرد، مۆڵەتی پێدەدەین تاوەکو پزیشک رێگەی پێدەدا بێتەوە سەر کارەکەی خۆی. خەرجیی نەخۆشخانەشی بۆ دابین دەکەین."

شەوکەت ئادەم، ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە کۆمپانیاکە دەستی بەکارکردووە و دەستەبەر نەکراوە. سەفین مەڕوان، بەرپرسی بەشی پشکنین لە فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر، باس لەوەدەکات: "پێویستە کرێکار لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دەستبەر بکرێ. شەوکەت دەتوانێ سکاڵا تۆماربکات، ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و لیژنەی بۆ پێکدەهێنین و لە دادگەی کار مافی وەردەگرینەوە."

سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەدواداچوونی بۆ کێشەی شەوکەت کردووە. یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، دەڵێت: "پەیوەندیم بە ژینگەپارێزەکە و کۆمپانیاکەوە کردووە و سەردانی هەردوولایان دەکەم. نووسراو بەرزدەکەمەوە و داوا دەکەم لیژنەیەکی پزیشکی بۆ دۆخی شەوکەت پێکبهێنرێ."