تەندروستیی راپەڕین: بینای سەنتەرێکی نوێ بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دروستدەکرێت

07 August 2024
تەندروستیی راپەڕین: بینای سەنتەرێکی نوێ بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دروستدەکرێت


عەدنان رەشید

125 تووشبووی تالاسیمیا لە سنووری راپەڕین لە چەند ژوورێکی نەخۆشخانەی رانیە چارەسەر وەردەگرن و داوای سەنتەرێکی تایبەت دەکەن. کۆمەڵەی تالاسیمیا دەڵێت: "جۆری ئەو حەپەی بە تووشبووان دەدرێ، خراپە". تەندروستیی راپەڕین ئاشکرایدەکات، "لە داهاتوویەکی نزیکدا" بینای سەنتەرێکی نوێی تایبەت بە تالاسیمیا دروستدەکرێت.
 
91 لە تووشبووەکانی تالاسیمیا لە جۆری ئەلفا و بیتا-ن. واتە مانگانە جارێک یان دووجار خوێن وەردەگرن. شکار وسوو، تووشبووی تالاسیمیایە و مانگانە یەک بووتڵ خوێن وەردەگرێ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: " هەندێک لە دەرمانەکان و پشکنینەکان، لە رانیە نییە و سەردانی سلێمانی دەکەین."
 
شکار و خوشکێکی تووشبووی تالاسیمیان. شکار، دەڵێت: "سێ مانگ جارێک دەچمە سلێمانی، جگە لە زەحمەتیی رێگە؛ خەرجییەکان بەپێی پشکنینەکانە، هەندێک تووشبوو هەیە تاوەکو 400 هەزار دینار خەرجییەتی."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای راپەڕین، رەتیدەکاتەوە نەخۆش خۆی بچێتە سلێمانی بۆ وەرگرتنی دەرمان. عوسمان محەممەد، لە بەرپرسیار، گوتی: "تووشبوو بۆ پشکنینی گەشە دەچێتە سلێمانی چونکە ئەو ئامێرە لە رانیە نییە. جۆری ئەو حەپەی دەدرێت بە تووشبوو، خراپە و بۆ ئەو بابەتەش قسەمان لەگەڵ وەزیر کردووە."
 
بەشێکی تووشبووانی تالاسیمیا مووچە وەردەگرن. دوای ساڵی 2014 هەر تووشبوویێکی تالاسیمیا لە لیژنەی پزیشکی دەرچووبێ مووچەی بۆ نەگەڕاوەتەوە. عوسمان محەممەد، دەڵێت: "تەنیا تووشبووانی پێش 2014 مووچە وەردەگرن. ئەوانەی مووچە وەردەگرن ژمارەیان ناگاتە 80 کەس. ناو نێردراوەتە بەغدا، چاوەڕێی هاوتاکردنی مووچەکانیانین."
 
تەندروستیی راپەڕین، تووشبووان دڵنیا دەکاتەوە کیسی خوێن بەردەستە و "هەموو پشکنینەکان لە رانیە دەکرێن". دکتۆر دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین، لە بەرپرسیار، گوتی: " نامانەوێ تووشبووانی تالاسیمیا لە بازنەی نەخۆشخانەی رانیە؛ لە بانکی خوێن، تاقیگە و فریاکەوتن دووربکەونەوە، چونکە زۆرجار دۆخیان تێکدەچێ و پێویستییان بەو بەشە جیاوازانە هەیە. ئەو ماندووبوونەوەی تووشبووان لە رابردوو هەیانبوو، ئێستا نەماوە و نەخۆش بۆ دڵنیابوونەوە دەچێتە سلێمانی."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین، گوتی: "نووسراومان بەرزکردووەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەر رەزامەندیی خەرجی لە وەزارەتی دارایی وەربگرین، دەست بە دروستکردنی بینای نوێ دەکەین. لە داهاتوویەکی نزیکدا دوو پزیشکمان بۆ دێت. لە قەڵادزێ بانکی خوێن دانراوە. ئیکۆی دڵ لە رانیە و قەڵادزێ هەن. داواکارییەکان بە قۆناخ جێبەجێ دەکەین."