سێ منداڵی دەستگێڕێک لە کۆیە بەهۆی کەمدەرامەتییەوە لە خوێندن دابڕاون

07 July 2024
سێ منداڵی دەستگێڕێک لە کۆیە بەهۆی کەمدەرامەتییەوە لە خوێندن دابڕاون

بەختیار رەحمان، تەمەنی 46 ساڵە، باوکی سێ منداڵە و ماوەی 10 ساڵە تووشی نەخۆشیی گەشکە بووە و وەک باسیدەکات بەردەوام لە کاتی پاڵنانی عەرەبانەکەی لەنێو بازاڕی کۆیە دەبوورێتەوە.

 

بەختیار رەحمان، دەڵێت، بەهۆی کەمدەرامەتییەوە نەیتوانیوە سەردانی پزیشک بکات و تەنانەت توانای نییە دەرمانەکانیشی بکڕێ.
بەپێی راپۆرتی پزیشکی، بەختیار پێویستی بە چارەسەریی بەردەوام و هاوکاریکردن هەیە. دکتۆر ئازاد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، گوتی: "پێویستە بەختیار دەرمانەکانی بە رێکی بەکاربهێنێ و بە رێکی سەردانی پزیشک بکات. کارکردنی لەبەر هەتاو مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەکات."
رێزان محەممەد، هاوژینی بەختیارە، رۆژانە لەگەڵی دەچێتە سەر کار بۆ ئەوەی چاودێریی نەخۆشییەکەی بکات. رێزان دەڵێت: "هیچ مووچەیەکمان نییە. سێ منداڵم بەهۆی کەمدەرامەتییەوە لە خوێندن دابڕاون. من، دوو کچم و هاوژینم نەخۆشین و پێویستمان بە هاوکارییە."