1000 پڕۆژە لە سنووری سلێمانی وەستاون

06 August 2024
1000 پڕۆژە لە سنووری سلێمانی وەستاون

عەدنان رەشید

بەشێکی بەڵێندەرانی سلێمانی بەهۆی "خەرجنەکردنی چەکی بانکی" گردبوونەوە. یەکێتیی بەڵێندەران دەڵێت: 1000 پڕۆژە بەوهۆیەوە لە سنوورەکە وەستاون.
 
بەڵێندەران داوا دەکەن پڕۆژەی نوێ رانەگەیێندرێت و پارەکە بۆ پڕۆژە کۆنەکان تەرخان بکرێن. جەمال سدیق، بەڵێندەر، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "سێ پڕۆژەم بە تەواونەکراوی جێهێشتووە. هەر سێ پڕۆژەکە لەسەر گیرفانی خۆم بەڕێوەم بردووە و بە ناچاری رامگرتوون."
 
بەشێکی بەڵێندەران بەهۆی خەرجنەکردنی چەکی بانکییان سنووری کارەکانیان گواستووەتەوە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، یان کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە."لە سنووری سلێمانی 900 بەڵێندەر مایەپووچ بوون. بەڵێندەر هەیە خۆی کوشتووە. بەڵێندەر هەیە بووەتە کرێچی و موڵکی نەماوە. بەڵێندەر هەیە نەخۆشکەوتووە."
 
یەکێتیی بەڵێندەران بۆ چارەسەریی کێشەکە لەگەڵ بانکە بازرگانییەکان کۆبوونەتەوە و "بەڵێن"ـی چارەسەریی کێشەکەیان پێداون.
 
ئالان کوێخا کەریم، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان-لقی سلێمانی، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: "دوێنێ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانکی هەرێم کۆبووینەوە و بەڵێنی پێداین چارەسەریی کێشەکە بکات بەپێی دەسەڵاتی خۆی. هەرچەندە بەڵێنی زۆرمان پێدراوە بەڵام دەسەڵات چییە. سەردانی وەزیری کارمان کرد، ئەویش گوتی، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە."
 
بەشێکی بەڵێندەران بارمتەی یاساییان لای حکومەتە و پێیان نادرێتەوە. وەک ئالان کوێخا کەریم باسیدەکات، بەڵێنیان پێدراوە بارمتەکانی بەڵێندەران بدرێتەوە.
 
بەشێکی ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پترۆدۆلارە و لە 2014ـەوە وەستاون؛ "قفل دراون". بە گوتەی سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەران، کە وەک "مژدە" بە بەڵێندەرانی دەدات، ریزبەندی بۆ ئەو پڕۆژانە دەکرێ بۆ وەزارەتەکان و "لەم هەفتەیە بڕیار دەردەچێ بچنە سەر بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان".
 
زۆربەی کەرستەکانی پڕۆژەکانی بەڵێندەران بە "قەرز" لە بازاڕ دەیکڕن. جەمال سدیق، گوتی: "ئامادەین تەندەری نوێ وەربگرین بەڵام بەپێی رێوشوێنە یاساییەکان و پارەی پڕۆژە کۆنەکان خەرجبکرێن."