خێزانێکی کەمدەرامەت لە رەمەزاندا سفرەیان بەتاڵە و پێویستیان بە هاوکارییە

06 March 2025

هێرش ئەکرەم، باوکی پێنج منداڵە لە ناحیەی رزگاری، باس لەوە دەکات کە خۆی و دوو کوڕەکەی نەخۆشن و  پێنج ساڵە تووشی ناجێگیریی دەروونی بووە. کوڕە گەورەکەی جگە لە نەخۆشیی بیرکۆڵی، تووشی گەشکەش بووە و توانای رۆیشتنی نەماوە.

هێرش بە پیشەی کرێکاری، ناتوانێ نە چارەسەری خۆی بکات، نە منداڵەکانی. ئەو هەروەها دەڵێت، "هەموو یەکشەممەیەک دەبێت عیلاجی خۆم وەربگرم، ئەگینا ناتوانم. 16-17 ساڵە کرێچیم."

ئەم خێزانە ھیچ سەرچاوەیەکی داراییان نییە. هێرش تەنیا کاسبکاری ماڵەکەیە و دەڵێت: "رۆژ هەیە کار دەستدەکەوێ، رۆژیش هەیە نابێت". خێزانەکە کرێچین و پێنج مانگ کرێی خانوو و دوو مانگیش کرێی موەلیدە قەرزارن. خاوەن خانووەکە ئاگاداری کردوونەتەوە خانووەکە چۆڵ بکەن.

ئەوان مانگانە بۆ خەرجی و دەرمانی خۆی و کوڕەکانی پێویستیان بە 150,000 دینارە، کەچی ناتوانێت هەموو مانگێکیش دەرمان بۆ خۆی و منداڵەکانی دابین بکات. لەم مانگی رەمەزانەدا تەنانەت ھیچ خواردنێکیان نییە رۆژووی پێ بشکێنن.

شێخ محەممەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەولێر لە بەرپرسیار گوتی، لیژنەیەکیان ناردووە بۆ سەردانی ماڵی هێرش و دەرکەوتووە کە خێزانێکی هەژارن و پێویستیان بە هاوکاریی خێرایە. هەروەها بەڵێنیدا هاوکاریی خێزانەکە بکەن.

گەزنەیی ئاماژەی بەوەشکرد کە خێرخوازێک ئامادەیی نیشانداوە پێنج مانگ کرێی خانووەکەیان بۆ بدات، هەروەها تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی جلوبەرگ بۆ تەواوی خێزانەکە دابین دەکات. قائیمقامییەتی قەزای خەباتیش خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەیان بۆ دابیندەکات و نووسینگەی پارێزگاری هەولێریش ئامادەیی نیشانداوە هەر شتێک کە پێویست بێت بۆ خێزانەکە بکەن.