چیرۆکی سێ برا لە گوندێکی سیدەکان دوای تەمەنی 20 ساڵی لە جووڵە کەوتوون

05 September 2024
چیرۆکی سێ برا لە گوندێکی سیدەکان دوای تەمەنی 20 ساڵی لە جووڵە کەوتوون
رووداو دیجیتاڵ 

سێ برا لە گوندی شیوەگەرمکی سنووری سیدەکان دوای تەمەنی 20 ساڵی لە دەست و قاچ کەوتوون. بەپێی گوتەی پزیشک، نەخۆشییەکە بۆماوەییە. باوکی سێ برا نەخۆشەکە دەڵێ، پێشتر هیچ کەسێک لە ماڵباتەکەم ئەو نەخۆشییەی نەبووە.
 
عوزێر حوسێن، تەمەنی 53 ساڵە و 20 ساڵە جووڵەی دەست و قاچی نەماوە، پێشتر شوان بووە. خالیس حوسێن، تەمەنی 38 ساڵە؛ 15 ساڵە جووڵەی دەست و قاچی لەدەستداوە، پێشتر شوان بووە. خەفەت حوسێن، تەمەنی 29 ساڵە؛ 10 ساڵە لە دەست و قاچ کەوتووە، پێشتر قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی بووە، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لە خوێندن دابڕاوە.
 
هەر سێ برا نەخۆشەکە ژنیان نەهێناوە. خەفەت حوسێن، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "دۆخی هەرسێکمان زۆر خراپە و بەردەوام لە ماڵ دەمێنینەوە. هاوژینی یەکێک لە براکانم خزمەتمان دەکات."
 
هەر سێ برا نەخۆشەکە پێشتر بە شاخ و دۆڵەکانی گوندی شیوەگەرمک شوانییان کردووە. عوزێر حوسێن، بە رووداوی گوت: "شوان بووم لەم چیاو چۆڵانە، ساخ و بێ کێشەبووم؛ دواییش وام لێهات. دەمارەکانی رانم لە ناوقەد بۆ خوارەوە کار ناکەن و وەکو مردوون، لەسەر دەستان دەچمە سەر ئاو و دێمەوە." 
 
جووڵە و هاتن و چوونیان ئاستەمە و بەردەوام قاچەکانیان ئازاری هەیە. دوورترین شوێن کە پێی دەگەن بەر دەرگای ماڵەکەیانە ئەویش بە ئەستەم. خالیس حوسێن، بە رووداوی گوت: "زۆر باش بووم، بێ گۆچان دەچوومە سەر چیا، ئێستاش تا تەمەنمان دەروات زیاتر دەکەوین." 
 
سەرەتای دروستبوونی نەخۆشیەکەیان بە سڕبوونی قاچەکانیان هەست پێکردووە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن جووڵەیان کەمتر دەبێتەوە و ناتوانن بە هاوسەنگی هەنگاوبنێن و بوەستن.
 
بۆ چارەسەر لەکوردستان زۆر دکتۆریان بینیوە. دەرکەوتووە نەخۆشییەکەیان تێکشکانی خانەکانی دەمارە و لە  مێشکەوە فەرمانەکان بە شێوەیەکی ئاسایی ناگەن بە ماسوولکەکانی دەست و قاچیان و پێیانگوتراوە لە هیندستان چارەسەریان هەیە.