شارەوانیی هەڵەبجە: ئاو چووەتە نێو 25 ماڵ و قەرەبوو دەکرێنەوە
لە 24 کاژێردا زۆرترین بڕی بارانبارین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، دوای بیارە لە هەڵەبجە باری کە 126.6 مللیمەتر بوو، باران لە هەڵەبجە لافاوی لێکەتەوە و ئاو چووە نێو 25 ماڵ. شارەوانیی شارەکە دەڵێت، زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.
بارانبارین لە هەڵەبجە بووە هۆی پەککەوتنی جووڵەی هاتووچۆ، کۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقامەکان، چوونە ژوورەوەی ئاو بۆ نێو ماڵی هاونیشتمانییان، ئۆتۆمبێل، دووکان و شوێنە گشتییەکانی وەک مزگەوت.
خۆبەخشانی شارەکە هاوشانی تیمەکانی شارەوانی، تیمی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە هانای هاونیشتمانییانەوە چوون. جگە لە سەنتەری شار، لافاو چەند گوندێکی دەوروبەری شارەکەیشی گرتەوە.
لافاوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام زیانی مادی زۆر بەر ماڵی چەند هاونیشتمانییەک کەوت.
زاهید تۆفیق، زیانلێکەوتوویەکی لافاوەکەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "لە ماوەی 15 خولەکدا لافاو دروستبوو. براکەم بۆ جۆزە هەڵدانەوە چووە دەرەوە و بینی لافاو دروستبووە، خوا رەحمی کرد کاتی خەو نەبوو. کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ، فەرش و تاقمی دانیشتن قوڕاوی بوونە و کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە. کاتی لافاوەکە کەسوکارمان لەنێو ماڵ گیریان خواردبوو، زیاتر لە 60 سانتیمەتر ئاو هاتە نێوماڵ، بە پەیژە کەسوکارمان رزگارکرد."
بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لە کاتی روودانی لافاوەکە داوای لە هاونیشتمانییان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە بەهۆی "مەترسیی لافاو، نەیەنە دەرەوە."
بارانەکە بۆ شارەوانیی هەڵەبجە "پێشبینینەکراو" بووە. فەرحان عیزەت، گوتەبێژی شارەوانیی هەڵەبجە، لە بەرپرسیار، گوتی: "جگە لە بارینی بارانێکی زۆر لە هەڵەبجە، لە گوندی عەبابەیلێ و شاخی دەرەی مەڕ قوڕ و لیتەیەکی زۆر بەرەو هەڵەبجە هات و ئاوەڕۆکانی، ئەمە وایکرد لافاو دروستببێت، لەگەڵ چەند تیمێکی دیکە بە هانای خەڵکەوە چووین و تاوەکو ئەمڕۆش کاری پاککردنەوە بەردەوام بوو."
بە گوتەی شارەوانیی هەڵەبجە، ئاو چووەتە نێو 25 ماڵ، 15 دووکان و زیانیان بەرکەوتووە. لافاوەکە زیانی بەر چەند باخێکی سنووری هەڵەبجەش گەیاندووە. فەرحان عیزەت، گوتی: "قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان کرد و بەمنیان راگەیاند، زیانبەرکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە."
شارەزایەکی مێژووی هەڵەبجە دەڵێت، بارانبارینی دوو رۆژی رابردوو لە "100 ساڵی رابردوو" وێنەی نەبووە. حەمید سەعید، کە وەک خۆبەخشێکیش بەشداربووە لە پاککردنەوەی شارەکە، لە بەرپرسیار گوتی: "لە 100 ساڵی رابردوو بارانی هاوشێوە نەباریوە. لە کاژێر 9ـی شەوەوە زانرا لافاو دروستدەبێت، بەدەم هەندێک لەو ماڵانەوە چووین. سەری مەنهۆڵەکانمان لابرد، دوای کاژێر 11 لە کاتێکی کەمدا لافاو دروستبوو. سندووقی ئاوەڕۆ هەیە لە ساڵانی 60ـەوە دروستکراوە."
زۆرترین زیانی لافاوەکەی هەڵەبجە لە گەڕەکی شیخ ئیسماعیل بووە چونکە شوێنەکەی چاڵە. زیانلێکەوتووان داوا دەکەن قەرەبووی شایستەیان بکرێتەوە. گوتەبێژی شارەوانیی هەڵەبجە، گوتی: "زیانلێکەوتووانی ساڵانی رابردوو قەرەبوو کراونەتەوە، مەرج نییە هەموو حاڵەتەکان قەرەبوو بکرێنەوە چونکە هەندێک حاڵەت هەن لە توانا نین و قەرەبوو ناکرێنەوە."
بهشی بكه لە