وردەکاریی فڕێدانی منداڵێکی 8 ساڵ لە سلێمانی

04 August 2024
وردەکاریی فڕێدانی منداڵێکی 8 ساڵ لە سلێمانی
 
 
عەدنان رەشید
 
یامین مەحموود بە کۆمەڵێک شوێنەواری سووتان و برین لە شەقامێکی سلێمانی دۆزراوەتەوە. پۆلیس دەڵێ، چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکین بۆ زانینی هۆکاری شوێنەوارەکانی لەشی. دوای تێپەڕبوونی مانگێک و بڵاوکردنەوەی بانگەوازییەک لەلایەن چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، باوکی یامین هاتە لای پۆلیس و کوڕەکەی دیکەشی رادەستی ماڵی منداڵانی سلێمانی کرد.
 
 دایک و باوکی یامین لەیەکدی جیابوونەتەوە و باوکی یامین "لەسەر شەقام دەمێنێتەوە". خەڵکی سووریان و "کەمتر لە ساڵێکە" هاتوونەتە سلێمانی.
 
لە 17ـی تەممووزی ئەمساڵ، چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە نووسراوێک داوای لە دادگە کردووە بانگەوازییەک بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری لە رێگەی میدیاکانەوە بکرێت. ئەمڕۆ دوای بانگەوازییەکە، باوکی یامین سەردانی پۆلیسی کردووە و داوایکردووە کوڕەکەی دیکەشی بەناوی"ئەمیر" کە تەمەنی 7 ساڵە لە ماڵی منداڵانی بێسەرپەرشت بمێننەوە.
 
ئێستا ئەمیر و یامین لە ماڵی منداڵانی بێسەرپەرشت لە سلێمانی دەمێننەوە. بێستوون شەهید جەبار، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "لە بەیانییەوە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکەین و بە وردیی لە شێوازی هاتنە ناوەوەی ئەو خێزانە بۆ هەرێمی کوردستان دەکۆڵینەوە و لەگەڵ نشینگەش لە پەیوەندیدا دەبین."
 
منداڵەکە لەسەر شەقام لەناو بازاڕی نزیک مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە 7>ی مانگی رابردوو دۆزراوەتەوە و لەلایەن شۆفێری تاکسییەکەیەوە رەوانەی پۆلیسی نەوجەوانان کراوە. بە گوتەی بێستوون شەهید جەبار، لە 2018 یەک حاڵەتی هاوشێوە لە سلێمانی هەبووە.
 
منداڵەکە شوێنەواری سووتان و برین بە لەشییەوە دیارە. رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ کردووەتەوە. راپۆرتی پزیشکی دەریدەخات ئەشکەنجە دراوە یان بەهۆی کارەوە ئەو شوێنەوارانە پەیدابوون. بە بڕیاری دادوەر هەردوو منداڵەکە لە خانە دەمێننەوە."
 
نازانرێت دایکی یامین لە کوێیە. منداڵەکە"دەروونی ناجێگیرە". رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئاگاداری دۆخی یامینە. عوبەیدە محەممەد، توێژەری کۆمەڵایەتی لە رێکخراوەکە، لە بەرپرسیار، گوتی: "لە نزیکەوە سەردانی منداڵەکەمان کردووە. دۆخی دەروونی ناجێگیربوو، چەندین جار قسەکانی دەگۆڕێ. پێویستی بە پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە. دەبێ باوکەکەش ببینین و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین."
 
یامین بە عەرەبی قسە دەکات. بە گوتەی رائید سەرکەوت ئەحمەد، باوکی یامین دەڵێ"توانام نییە هەردوو منداڵەکەم بەخێوبکەم و بێکارم."