کەسوکاری منداڵانی ئۆتیزم لە ئاکرێ زیاتر لە 9 مانگە چاوەڕێی کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزمن
زیاتر لە نۆ مانگە سەنتەری تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم لە ئاکرێ تەواوبووە و تەواوی کەلوپەلی پێویستی بۆ دابینکراوە، بەهۆی نەبوونی کارمەندی پێویستەوە کردنەوەی دواخراوە، کەسوکاری منداڵانی ئۆتیزم داوای کردنەوەی سەنتەرەکە دەکەن.
عەبدولڕەحمان محەممەد، باوکی منداڵێکی 11 ساڵی ئۆتیزمە، لە بەرپرسیار، گوتی: "نەکردنەوەی ئەو سەنتەرە کاریگەریی خراپی بۆ ئێمە هەیە، بۆ ماوەی دوو ساڵ منداڵەکەم لەسەر ئەرکی خۆم بردە سەنتەرێکی دهۆک، دۆخی باشتر بوو، بەڵام کرێچیم و نەمتوانی بەردەوام بم، بە کردنەوەی سەنتەری ئاکرێ، دۆخی ئێمە و منداڵەکانیشمان باشتر دەبن."
چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئاکرێ، دەڵێت، "بەم زوانە" سەنتەرەکە دەکرێتەوە.
غازی محەممەد، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئاکرێ، لە بەرپرسیار، گوتی: "کێشەکەمان گەیاندووەتە سەرووی خۆمان، دوای سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ ئاکرێ، نامەیەکم گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار، لەسەر داوای ئێمە و لەسەر بڕیاری کاک مەسرور بارزانی، بڕیاری کردنەوەی سەنتەرەکە درا. کارمەندی پێویستی نییە و لە ماوەیەکی نزیکدا سەنتەرەکە دەکرێتەوە و هەموو منداڵانی ئۆتیزمی سنوورەکە سوودی لێدەبینن."
لە ئاکرێ و بەردەڕەش 112 منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراون. سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، داوای کردنەوەی سەنتەری زیاتر لە ئاکرێ و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکات. کەمال جەباری، لە بەرپرسیار، گوتی: "بینا بەبێ ستاف هیچ سوودێکی نییە. داوامان لە رێکخراوەکان کردووە خۆبەخشانە هاوکاری سەنتەرەکان بکەن. ئۆتیزم نەخۆشی نییە، حاڵەتە و رۆژانە پیویستییان بە راهێنانە."
بهشی بكه لە