منداڵێکی دوو مانگ پێویستی بە چاندنی بەپەلەی جگەرە؛ 'چارەسەری بەپەلە نەکرێت سێ ساڵ ناژی'

03 September 2024
منداڵێکی دوو مانگ پێویستی بە چاندنی بەپەلەی جگەرە؛ 'چارەسەری بەپەلە نەکرێت سێ ساڵ ناژی'
شاد مەسعود، تەمەنی تەنیا دوو مانگە، جگەری لەکارکەوتووە و پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی جگەرە؛ خێزانەکەی کەمدەرامەتن و توانای خەرجیی نەشتەرگەرییەکەیان نییە. بە گوتەی پزیشکەکەی، ژیانی شاد لە مەترسیدایە و تێچووی نەشتەرگەرییەکەشی 50 هەزار دۆلارە.
 
دایک و باوکی شاد مامۆستای گرێبەستن. مەسعود محەممەد، باوکی شاد لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "لە کاتی لەدایکبوونیەوە رەنگی زەرد بوو، دوای بردنی بۆ نەخۆشخانە و پشکنین، دەرکەوت جگەری نەخۆشە. ئێستا بەردەوام دەگری و پێویستی بە چاندنی جگەرە، توانام نییە خەرجییەکەی دابین بکەم."
 
دایک و باوکی شاد یەک ساڵ و نیوە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، کەمدەرامەتن و توانایان نییە خەرجیی نەشتەرگەریی کوڕەکەیان دابین بکەن. ئەو خێزانە لە گوندی هەژیرکێ لە ماڵی باپیری شاد لە سنووری قەزای سێمێل دەژین.
 
دایک و باوکی شاد ئامادەن پارچەیەک لە جگەریان ببەخشنە کوڕەکەیان. دکتۆر محەممەد مەحموود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لە بەرپرسیار گوتی، "چارەسەرییەکەی زەحمەتە و پێویستی بە نەشتەرگەریی بەپەلەی چاندنی جگەرە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت تەمەنی ناگاتە سێ ساڵ."
 
وەک دکتۆر محەممەد باسی دەکات، پرۆسەی چاندنی جگەر چەند قۆناخێکی پێویستە کە ئەوانیش ئامادەکردنی بەخشەر کە پێویستە جگەری نەخۆش نەبێت، پشکنینی ئامادەکاری و ئەنجامدانی نەشتەرگەری، چاودێریی چڕ و بەکارهێنانی دەرمانە.
 
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵان ئاماژەی بەوەش کرد، "نەشتەرگەرییەکە 40 تاوەکو 50 هەزار دۆلاری پێویستە و لە توانای ئەو خێزانەدا نییە. نەشتەرگەرییەکەش لە سەنتەرێکی تایبەتمەند دەکرێت."