لە رانیە پاشماوەی پزیشکییەکان لەسەر بەشێکی شەقامەکان فڕێدەدرێن

03 July 2024
لە رانیە پاشماوەی پزیشکییەکان لەسەر بەشێکی شەقامەکان فڕێدەدرێن

بەشێکی نەخۆشخانە تایبەت و نۆرینگەکانی سنووری راپەڕین پاشماوە پزیشکییەکان لەسەر شەقامەکان فڕێدەدەن. تەندروستیی راپەڕین دەڵێت، لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون چاودێریی ئەو بابەتە دەکات.

راوێژ مەحوی، چالاکڤانی ژینگە، بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و دەڵێت: "لێپرسینەوەی تووند لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەکان نییە و بەشێکیان پابەند نابن. دەرزی، ئاوی شووشەی دەرمان و پارچە گۆشتی مرۆڤ بە شێوەی ناتەندروست فڕێدەدرێن."

لە سنووری راپەڕین دوو کوورەی سووتاندنی پاشماوە پزیشکییەکان هەن. عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، بەرپرسی یەکەی لەناوبردنی پاشماوە پزیشکییەکان لە تەندروستیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 2019ـەوە دوو کوورە دامەزراون و لەوێ لەنێو دەبرێن. پاشماوەی نەخۆشخانە تایبەتەکانن و چاودێرییان دەکەین."

ژینگەی راپەڕین بە هاوئاهەنگی تەندروستیی راپەڕین بەدواداچوون بۆ پاشماوە پزیشکییەکان دەکات. محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین، دەڵێت: "لە 2013ـەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین. بەڵام توانای ئێمە لە بودجە و کارمەند سنووردارە."