100 ماڵی شارەدێی مەجیداوە لە سنووری سۆران لەسەر لێواری ئاوەڕۆن

02 December 2024
100 ماڵی شارەدێی مەجیداوە لە سنووری سۆران لەسەر لێواری ئاوەڕۆن
ئاوەڕۆی شارەدێی مەجیداوە تێکەڵ بە رووباری باڵەکیان دەبێت، لە وەرزی بارانبارین مەترسیی لەسەر دانیشتووانی دەوروبەری دروستدەکات و  وەرزی هاوینیش بۆنێکی ناخۆش دانیشتووانی 100 ماڵی سەر لێواری ئاوەڕۆکەی هەراسانکردووە.
 
شارەوانیی مەجیداوە دەڵێت، چاوەڕێی رەزامەندی وەزارەتی دارایین. بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا "بەڵێن" دەدات ئەگەر وەزارەت پارەی بۆ خەرجنەکات، بخرێتە نێو پلانی ساڵی داهاتووی ئیدارەی سەربەخۆ.
 
بەرپرسیار بەشێوەی مەیدانی دۆخی دانیشتووانی ئەو ماڵانەی خستەڕوو کە دەکەونە سەر لێواری ئاوەڕۆی شارەدێی مەجیداوە لە سنووری سۆران، بەشێکی بەرپرسانی سنوورەکەی رووبەڕووی خەڵکی شارەدێکە کردەوە.
 
بەشێکی ئەو ماڵانەی دەکەونە سەر لێواری ئاوەڕۆکە، چەند جارێک لافاو هاتووەتە نێو ماڵەکانیان و زیانی مادی پێگەیاندوون.
 
بەدریە عەزیز، یەکێکە لەو کەسانەی ماڵەکەی لەسەر لێواری ئاوەڕۆکەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: "دەبێت بێینە دەرەوە و بوەستین لەبەردەم ئاوەکە ئەگینا ئاو دەمانبات، زاویەی خانووەکەم هەمووی درزی بردووە ئەوەندەی لافاو لێی بدات، خەمی زستانمانە و هاوینیش لەبەر بۆنی ناخۆش ژیانمان نەماوە، 20 مریشکم ئاوبردنی و زۆری نەمابوو مانگاکەشم بمرێت".
 
سێ ساڵە هاونیشتمانییانی شارەدێکە داوای چاککردن و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دەکەن. قوتابخانەی مەجیداوەی بنەڕەتی دەکەوێتە سەر لێواری ئاوەڕۆکە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە نایشارێتەوە کە ئاوەڕۆکە مەترسییە لەسەر گیانی قوتابییەکان. حەسەن  سمکۆ، لە بەرپرسیار گوتی: "چاککردنی ئاوەڕۆکە گرنگی زۆری بۆ شارەدێکە هەیە، کاتی بارانبارین و لافاو لە دەرەوە دەوەستین و چاودێریی قوتابییەکان دەکەین، چونکە ئاوی باران لە چیا دێتە خوارەوە و بەنێو ئاوەڕۆکە دەڕوات، مەترسی هەیە قوتابی بکەوێتە نێو ئاوەڕۆکە".
 
جگە لە ئاوەڕۆکە، کۆڵانەکانی مەجیداوەش قیرتاو نەکراون و چاڵی زۆریان تێدایە. سیداد دێوالی، دانێشتوویەکی مەجیداوە، چەند داواکارییەکی لە بەرپرسیار، رووبەڕووی بەرپرسانی سنوورەکەی کردەوە: "بنکەی تەندوستیمان نییە، بینای قوتابخانەیەکی نوێمان پێویستە، پارکێکمان پێویستە. کۆڵانەکانمان قیرتاو بکرێن".
 
ئاوەڕۆکە 100 مەتر دوورە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی مەجیداوە. لاوین ئازاد، کە شەش مانگە وەک سەرۆکی شارەوانی دەستبەکاربووە، لە بەرپرسیار، گوتی: "کەشف و دەرخستەی تایبەتمان بۆ ئەنجامداوە و بەرزمان کردووەتەوە، چاوەڕێی رەزامەندیی وەزارەتی دارایین بۆ جێبەجێ کردنی ئاوەڕۆکە و خستنە خزمەتی هاوڵاتیان".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، "بەڵێن" دەدات هەوڵ بۆ چارەی کێشەی ئاوەڕۆ بدات. فەرزنگ ئەحمەد، لە بەرپرسیار گوتی: "ئەم ساڵ لەژێر سەرپەرشتیاری ئیدارە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ بەردی بناخەیان بۆ دانراوە و بەشێکیان لە وەرزی زستانیش ناوەستن. شارەوانیی مەجیداوە و گوندەکانی سنووری مەجیداوە بێبەش نین لە پڕۆژەکان. لەو کۆمەڵە پڕۆژەیەی راگەیێندراون، مەجیداوە گوژمەی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. ئێستا پڕۆژەی چاککردنی بەشێکی شەقامەکانی مەجیداوە و چاککردنی تۆڕی ئاو لە قۆناخی جێبەجێکردندان. ئاگاداری کێشەی ئاوەڕۆی مەجیداوەم، ئەگەر وەزارەت پارە خەرجنەکات، بەڵێن بێت هەوڵ دەدەم لە ئیدارەی سەربەخۆوە بخرێتە پلانی ساڵی داهاتوو  و چاکبکرێت".
 
لەو شارەدێیە نزیکەی دوو هەزار ماڵ نیشتەجێن. ئاوەڕۆی زۆربەی ماڵان دەڕژێتەوە نێو ئەو رووبارە گەورەیەی بەنێو شارەدێکەدا دەڕوات و تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ رووباری گەورەی سۆران و چۆمان.