مریشک و جووجکەی بەشێکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی رانیە بە کۆمەڵ مرداردەبنەوە

01 August 2024
مریشک و جووجکەی بەشێکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی رانیە بە کۆمەڵ مرداردەبنەوە
عەدنان رەشید

نەخۆشییەک لەنێو بەشێکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری راپەڕین بڵاوبووەتەوە و رۆژانە بە هەزاران مریشک و جووجکە مرداردەبن. ڤێتێرنەریی راپەڕین بە بەهانەی"ئاگادارنەکرانەوەیان" لێکۆڵینەوەی لەسەر جۆری نەخۆشییەکە نەکردووە. سامانی ئاژەڵی سلێمانی "هێلکەی قاچاخ و نزمی کوالێتی"ـی جووجکە بە هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەزانێ.
 
خواربوونی مل، هەوکردنی لووت و تای بەرز لە نیشانەکانی نەخۆشییەکەن. دڵشاد مستەفا، خاوەنی کێڵگەیەکی پەلەوەرە لە رانیە، رۆژانە نزیکەی دوو هەزار جووجکەی تەمەن 12 رۆژەی لێ مرداردەبێتەوە. دڵشاد مستەفا لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: "ئەنفڵۆنزاکە لە تەمەنی 12 رۆژییەوە تووشی جووجکەکان دەبن. لە یەک کاژێردا 62 جووجکەی کێڵگەکەم مرداردەبن."
 
نەخۆشییەکە تاوەکو ئێستا کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری راپەڕینی گرتووەتەوە. ڤێتێرنەریی سنوورەکە، خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە "کەمتەرخەم" ناودەبات.
 
دکتۆر سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین، لە بەرپرسیار، گوتی: "5 هۆبەی ڤێتێرنەریی لە سنوورەکەمان هەن، هیچ خاوەن کێڵگەیەک ئێمەی ئاگادارنەکردووەتەوە. کە من لە راگەیاندن بابەتەکە بزانم چۆن بتوانم لیژنە پێکبهێنم."
 
دڵشاد مستەفا، دەڵێ، بەهۆی "نەبوونی توانا و ئامێر" ناچینە ڤێتێرنەری و دەچینە کلینیکەکانی ڤێتێرنەری. بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین رەتیدەکاتەوە کاریان تەنیا پێدانی دەرمان بێ،"دەبێ بزانین کێڵگەکان دەرمانەکانیان لە کوێ دەستدەخەن. ڤاکسین هەیە بە قاچاخ دێتە هەرێمی کوردستان. بەشێکی خاوەن کێڵگەکان بوونەتە دەرمانفرۆش. دەرمانمان گرتووە بە رەچەتەی خاوەن کێڵگە فرۆشراوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین، ئۆتۆمبێل نییە تاوەکو تیم بچن سەردانی کێڵگەکان بکەن. دکتۆر سەعدی تەیب، دەڵێ، هەر خاوەن کێڵگەیەک پەیوەندی بکات دەبێ داوای ئۆتۆمبێل بکەین بێت بە شوێنمان، یان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی فەرمانبەر دەبێ تیم بڕۆن.
 
بەشێکی ئەو هێلکانەی لە هەڵهێنەرەکانەوە دەترووکێن بە "قاچاخ" دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان. جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "سەرچاوە و کوالێتیی هێلکە کاریگەریی زۆرە لەسەر جووجکەکان و بەشێکیان بازرگانی عەرەب دەیهێنێننە هەرێمی کوردستان. دوای 2014 پشێوی لە فەرمانگەکانی کشتوکاڵ دروستبووە."
 
هێلکەی ترووکاندنی پڕۆژەکانی هەلهێنەر، جگە لە بەرهەمی نێوخۆ بەشێکیان لە ئەوروپا، تورکیا و رێگەی قاچاخ"ـەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن. لە سنووری سلێمانی، ئەمساڵ هیچ خاوەن هەڵهێنەرێک "بەفەرمی داوای لە کشتوکاڵی سلێمانی نەکردووە" بۆ هاوردەکردنی هێلکە.
 
لەسنووری ئیدارەی راپەڕین 176 كێڵگەی پەلەوەر لەوەزارەتی كشتوكاڵ مۆڵەتیان پێدراوە، بەرهەمی گۆشتیان ساڵانە زیاتر لە 14 هەزارتۆنە.