48 کاژێر بۆ چۆڵکردنی دووکانەکانی بازاڕی شۆرجەی کەرکووک دانراوە

01 July 2024
48 کاژێر بۆ چۆڵکردنی دووکانەکانی بازاڕی شۆرجەی کەرکووک دانراوە
تەمەنی بازاڕی شۆرجە نزیکەی 60 ساڵە، وەبەرهێنەرێکی عەرەب چووەتە بازاڕەکە و بە بۆیەی سوور لەسەر بەشێکی دووکانەکانی نووسیوە "دوای 48 کاژێر چۆڵبکرێ"، واتە "تێکدەدرێت". دووکاندارانی بازاڕەکەش رەتیدەکەنەوە چۆڵی بکەن.
 
ئەدهەم جومعە، نوێنەری بەشێکی دووکاندارانی بازاڕەکە، دەڵێت: "ئەو کەسانەی هاتن هیچ بەڵگەیەکی یاساییان پێ نەبوو بۆ تێکدانی دووکانەکان. دووکانداران چۆڵی ناکەن. هەفتانە داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی ساڵانە لە شارەوانی دەکەین بەڵام نوێناکەنەوە."
 
وەبەرهێنەرەکە لە دوای 2020ـەوە هەوڵی وەرگرتنی رەزامەندیی پڕۆژەکەی دەدات. عەلا لهێبی، وەبەرهێنەرەکەیە، بە رووداوی گوت: "فەرمانی تێکدانی بازاڕەکەم لایە و رەزامەندیی وەزیر و شارەوانیی کەرکووکم لایە. دووکانەکان تێکدەدەم و دەیکەمە پڕۆژەیەکی بازرگانی و بۆ ئەمەش پێشینە بۆ دووکاندارانی ئێستای بازاڕەکە دەبێت."
 
شارەوانیی کەرکووک لە رێگەی لیژنەی زێدەڕۆوە دووکاندارانی ئاگادارکردوونەتەوە چۆڵی بکەن. ئەندازیار هێمن ئەسعەد، بەڕێوەبەری بەشی موڵکایەتی لە شارەوانیی کەرکووک، رایگەیاند: "گرێبەستی دووکانداران بەسەرچووە. ناتوانین پڕۆژەکە بوەستێنین، چونکە رەزامەندی لە بەغدا وەرگرتووە. لە رێگەی نووسراوێکەوە ناڕەزایەتیی دووکانداران دەگەیێنینە بەغدا و هەوڵی چارەسەریی کێشەکە دەدەین."