گوندی هاوار لە پارێزگای هەڵەبجە
لەم بەرنامەیەی باژۆدا، هەڵمەت عومەر سەردانی گوندی هاوار دەکات، کە دەکەوێتە 15 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای هەڵەبجە. گوندی هاوار مەڵبەندی ئایینی و رەچەڵەکی کاکەییەکانە. زۆربەی مەرقەد و ئارامگە و پیاوچاکەکانی کاکەییەکان لە گوندی هاوارن. گوندەکانی دەرەتوێ و هاواری کۆنیش هەر لە نزیک گوندی هاوارن، ئەوانیش شوێنی ئایینی کاکەییەکانیان تێدایە و، هەر سێ گوندەکە لەلایەن سەرجەم کاکەییەکانی جیهانەوە بە شوێنێکی زۆر پیرۆز تەماشا دەکرێن. ساڵانە کاکەییەکان سەردانی ئەو سێ گوندە دەکەن.
گوندی هاوار لەناو جەرگەی هەوراماندا تایبەتمەندییەکی جوانی هەیە، خاوەن سرووشتێکی رازاوە و کەشێکی عیرفانی کەم وێنەیە. ئەو گوندە خاوەنی مێژوویەکی دێرینە، هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکە وایکردووە ببێتە کاروانسەرایەک بۆ خەڵک و کەسایەتی جیاواز. هاوسنوورە لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. خەڵکی هاوار بە خزم دۆست و میوان دۆست و قەدرگران ناسراون و، هەمیشە لانەیەکی هێمن و ئاسایش بووە بۆ هەر کەسێک سەردانی کردبێت. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە دانیشتووانی هاوار بە زۆرەملێ راگوێزران بۆ ئۆردوگای عەنەب لەناو شاری هەڵەبجە.