قەڵای شووش

هەڵمەت عومەر لەم بەرنامەیەدا سەردانی گوندی شووش دەکات، کە سەر بە قەزای ئاکرێیە و، بەدووری 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای قەزاکە. هەڵمەت بەسەر ئەو شاخەدا سەر دەکەوێت کە قەڵای شووشی لێیە و، کە رێگای 45 خولەک بۆ کاژێرێکی پێویستە.

لەسەر رێگای سەرکەوتن بۆ قەڵای شووش، شوێنی مێژوویی و شوێنەواری زۆر دەبینرێت. یەکێک لەو شوێنانەی کە هەڵمەت لێی دەوەستێت، پەرستگەیەکی مێژووییە. هەرچەندە شووش و قەڵای شووش لێکۆڵینەوەی تەواویان لەسەر نەکراوە، بەڵام بەپێی قسەی باو و باپیران، ئەو شوێنە نە کەنیسەی کریستیانەکانە و نە پەرستگەی جووەکان بووە.

شووش و دەوروبەری قەڵای شووش مێژوویەکی دێرینی هەیە. پێدەچێت ئەو ناوچەیە شوێنی پەرستن و عیبادەتکردن بووە. . قەڵای شووش لە دوو بەش پێکهاتووە، لە بەشێکیان دوو گۆڕی تێدایە، گۆڕی ناهیلە خاتوون کە خێزانی کۆتا میری میرنشینی بادینان بووە و، گۆڕەکەی دیکەش دەگوترێت یان خوشکی بووە یان خزمەتکاری بووە. بەشەکەی دیکە گۆڕێکی تێدایە بە ناوی هوریا، کە دەگوترێت جەنەڕالی شەڕکەری پێغەمبەر داود بووە. هەروەها لە قەڵاکە زیندانێک و عەمباری خۆراک و عەمباری ئاو هەیە.

ئەوەی زۆر سەرنجی هەڵمەتی راکێشاوە لە قەڵای شووش، دەرگاکەیەتی و ئەو خەندەقەی کە هەیەتی. ئەو دەرکەیە وەکو ئەوە وایە کە لە فیلمە مێژووییەکاندا دەیبینین کە دوژمن فشاریان بۆ دەهێنن و هێرش دەکەن، دەرکەیەکیان هەیە بەو شێوازە. قەڵاکە هیچ ئەندازەیەکی پێوە دیار نییە، بەڵکو سروشتییە. بەشەکەی قەڵاکەش کە سروشتی نییە بە بەرد دروستیان کردووە هەتاوەکو دەرگاکەی، بە شێوازێک دروستیان کردووە کە دوژمن نەتوانێت بێتە ناو قەڵاکە.

هەڵمەت دەڵێت گەڕان و سووڕانی ئەمڕۆی لە شووش و قەڵای شووش و ئاکرێ زۆر چێژبەخش بوو. ئەو کولتوورە دێرینەی پێکەوەژیان لەو ناوچەیە بەگشتی مێژوویەکی درێژی هەیە، رەنگدانەوەی ئەو پێکەوەژیانەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە و، خەڵکی ناوچەکەش ئەو کەلتوورە دەپارێزن و بەردەوام دەبن.