دەرگای بادینان
هەڵمەت عومەر لەم ئەڵقەیەدا، پێش ئەوەی بچێتە ناو ئامێدی، سەردانی قوتابخانەی قوبەهان دەکات، کە مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1534ی زایینی، لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانییەکان و، لەسەر دەستی سوڵتان حوسێن وەلی میری میرنشینی بادینان دروستکراوە. ناوەکەی لەوە هاتووە کە قوتابخانەکە لە چەند قوبەیەک پێکهاتووە، کە وشەیەکی عەرەبییە. ئەو سەردەمە فێربوون و زانست بە زمانی عەرەبی بووە. قوتابخانەکە ناوەندێکی فێرکاری بووە بۆ فێربوونی ئایین و زانست و کۆمەڵایەتی.
هەروەها هەڵمەت ئاماژە بەوە دەکات کە ئامێدی 57 شوێنی شوێنەواری فەرمی و 300 ناوچەی شوێنەواری دیکەی نافەرمی تێدایە. گەڕیدەی عوسمانی ئەولییا چەلەبی، لە ساڵی 1656 سەردانی ئامێدی کردووە و دەڵێت قوتابخانەی قوبەهان لە 16 قوبە و 60 پۆلی خوێندن پێکهاتووە، نزیکەی 300 بۆ 400 قوتابی تێیدا خوێندوویانە. ئەو گەڕیدەیە دەڵێت لە کوردستان زۆر گەڕاوم بەڵام ھیچ شوێنێکم وەکو قوتابخانەی قوبەهان نەدیوە، چونکە باخچە و گوڵ و کانیاوی ئاوی تایبەتی تێدا ھەبووە و زۆر جوان و سەرنجڕاکێش بووە.
یەکێکی دیکە لە شوێنە دیارەکانی ئامێدی دەرگای بادینانە، کە دەروازەیەکی گەورەیە و لە سەدەی سێزدەی زایینی دروستکراوە. گەیشتن بە قەڵای ئامێدی لە رۆژئاواوە بە درێژایی رێڕەوێکی کۆن دەبێت کە بەرەو دەرگای بادینان دەڕوات. لە درێژایی ئەو رێڕەوەدا، سێ ھەڵکۆڵراو هەن کە شێوەی تاکە مرۆڤێک دەردەخەن و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئەشکانییەکان دەگەڕێتەوە.
هەڵمەت باسی ئەوەش دەکات کە ئامێدی وەکو هەر شارێکی دیکەی کوردستان، جووی لێ بووە و دوای کۆچیان، تاوەکو ئێستاش شارەکە رەنگدانەوەی کولتوریی پێکەوەژیانی پێوە دیارە. گۆڕێکی جووەکان هەیە کە نەک تەنیا جووەکان، بەڵکو کریستیان و موسڵمانەکانیش سەردانی دەکەن. دەگوترێت ئەوە گۆڕی کەسێک بووە کە ناوی قەدیس هازان بووە، کە کوڕی پێغەمبەری یوسف بووە.
هەروەها هەڵمەت سەردانی گۆڕستانی میرەکان دەکات، کە گۆڕی سوڵتان حوسێن وەلی میری میرنشینی بادینانی تێدایە. هەڵمەت گەڕان و سۆران لەناو ئامێدی تەواو دەکات و بەڕێ دەکەوێت بەرەو ئاکرێ.