دێری مار مەتی

باژۆ ئەم جارە سەردانی دێری مار مەتی دەکات، کە شوێنێکی مێژوویی و ئایینی کۆنی کوردستان و عێراقە. دێرەکە نزیکەی 35 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای مووسڵ دوورە، لەسەر سنووری نێوان مووسڵ و هەولێر، دەکەوێتە ناوەڕاستی چیای مەقلووب.

دروستکردنی دێرەکە لە ساڵی 360ی زایینی دەستی پێکردووە و نزیکەی 20 ساڵی خایاندووە، نزیکەی 20 هەزار کرێکار کاریان تێدا کردووە. دێری مارمەتی تەنیا بۆ مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق گرنگ نییە، بەڵکو خەڵکی هەموو جیهان سەردانی دەکەن، هەروەها شوێنەکە بۆ ئایینەکانی دیکە وەکو ئیسلام و هەموو ئایینەکانی دیکە بە شوێنێکی مێژوویی دادەنرێت. هەڵمەت عومەر لەناو دێرەکە و لوتکەی چیای مەقلووب دەگەڕێت، هەوڵدەدات نهێنییەکانی ئەم شوێنە مێژووییە ئاشکرا بکات.

یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی دێری مارمەتی، ساریجەکانییەتی. لە سەردەمی خۆیدا ساریجەی زۆر بووە، بەڵام ئێستا تەنیا سێ ساریجەی ماوە. ساریجەکان شوێنی کۆکردنەوەی ئاو بوون، ئاویان تێدا کۆکردووەتەوە و وەکو تانکی ئاو بەکاریان هێناوە. هەڵمەت هەوڵ دەدات بچێتە ناو یەکێک لە ساریجەکان، سەرەڕای ئەوەی کە یەکجار قووڵە و تاریکە و شەمشەمە کوێرەی زۆری تێدایە.

دێری مارمەتی لەسەر دەستی قەدیس مارمەتی ئەلناسک دروست کراوە، کە لەدایکبووی عامێدی باکووری کوردستانە. مارمەتی لەوێ گەورە بووە، دواتر لە دەستی زوڵم و ستەمی قەیسەری رۆم هەڵدێت و لەگەڵ 25 قەشە بەرەو چیای مەقلووب کۆچ دەکەن. مارمەتی لە ئەشکەوتێکدا لەگەڵ خودای خۆی دەدوێت و خەڵوەت دەکات. بە پشتیوانی پاشای ئاشوورییەکان، دێرەکە دروستدەکات و، بۆ ماوەی 60 ساڵ لەوێ دەژی و لە تەمەنی نزیکەی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.

هەڵمەت لە لوتکەی چیای مەقلووب باسی ئەوە دەکات کە بۆچی ناوی مەقلووبە، چونکە بەردەکانی بە پێچەوانەی هەموو چیاکانی دیکە لەسەرەوەن و وەرگەڕاون. هەروەها باسی ناوەکانی دیکەی چیاکە دەکات وەکو ئولوف، چونکە لە سەدەی حەوتەمدا ژمارەی رەهبان و قەشەکانی دێرەکە گەیشتنە حەوت هەزار کەس. لە لوتکەی چیاکەوە دەشتی ناوکۆڕ دەبینرێت، کە دەشتێکی بەپیت و بەرەکەتە و پێشتر پێیان گوتووە سەبەتەی خۆراکی عێراق. دوای دەشتی شارەزوور، دەشتی ناوکۆڕ دووەم دەشتی بەپیت و بەرەکەتی عێراقە. لە کۆتاییدا هەڵمەت چیای مەقلووب بەجێ دێڵێت و بەرەو زاخۆ بەڕێ دەکەوێت.