منارەی مەلوویە

هەڵمەت عومەر لە باژۆی ئەمجارە سەردانی شاری سامەڕا دەکات، کە بۆ ماوەی 60 ساڵ پایتەختی دەوڵەتی عەباسی بووە. لە سامەڕا سەردانی منارەی مەلوویە دەکات، کە یەکێکە لە تابلۆکانی سەر پارەی 250 دیناریی عێراقی. مەلوویە بە یەکێک لە جوانترین بیناکانی سەردەمی عەباسییەکان دادەنرێت. ئەو منارەیە لە نێوان ساڵانی 848 و 852 دروستکراوە. منارەکە بەشێوازت لوولەیی لە خشتی قوڕ دروستکراوە. بەرزیی منارەی مەلوویە 52 مەترە. بنچینەیەکی چوارگۆشەیی ھەیە و لە پێنج نهۆم پێکھاتووە. قادرمەیەک بە دەوری منارەکەدا ھەیە کە لە 399 پلە پێکھاتووە. لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، مەلوویەی سامەڕا خرایە ناو لیستی سوورەوە و دەبوو نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام بەھۆی گەمارۆکانی سەر عێراق، ئەو پرۆژەیە جێبەجێ نەکرا. 

لە نزیکە منارەکە، هەڵمەت سەردانی مزگەوتی مەلوویە دەکات، کە رووبەرەکەی زیاتر لە 27 ھەزار مەتر چوارگۆشەیە. مزگەوتەکە لەسەر شێوەی لاکێشەیی دروستکراوە و، جێگەی زیاتر لە 80 ھەزار نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە. مزگەوتەکە بە خشت و قوڕ و گەچ دروست کراوە و، دیوارەکانی ئەستوور و بەرزن. مزگەوتەکە 15 دەرگای ھەبووە، بەڵام لە ساڵی 1278 لە ئەنجامی هێرشی ھۆلاکۆ بۆ سەر عێراق رووخاوە و، تەنیا دیواری دەرەوەی مزگەوتەکە ماوەتەوە.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، ھەڵمەت عومەر باسی ھۆکاری دروستبوونی سامەڕا دەکات و دەڵێت کە بەھۆی فەوجێک لە ھێزە تورکییەکانەوە دروست بووە کە کێشەیان بۆ خەڵک دروست کردووە. بۆیە موعتەسیم بیللا ناچار بوو بەغدا بەجێبھێڵێت و پایتەختێکی دیکە دروستبکات. دوای 60 ساڵ، بارودۆخی بەغدا باش دەبێت و پایتەخت دەگەڕێتەوە بەغدا.