کۆشکی کۆتایی ساسانییەکان: یەکەم زیندان لە عێراق
باژۆی ئەم جارە گەشتێکە بۆ پارێزگای دیالە و بەتایبەت قەزای میقدادیە، ئەو شوێنەی کە بە شارەبانیش ناسراوە. میقدادیە لە کۆنەوە بە هەنارە بەناوبانگەکانی ناسراوە، ئەو هەنارانەی کە ناوبانگیان سنووری عێراقی بەزاندبوو. میقدادیە تەنیا 20 کیلۆمەتر لە بەعقووبەوە دوورە، ئەو شارەی کە بە پرتەقاڵ ناوبانگی دەرکردووە. چێژی پرتەقاڵی بەعقووبە وای کردووە زۆرجار بە باشترین پرتەقاڵی عێراق دابنرێت.
بەڵام ئەم بەرنامەیەی باژۆ تایبەتە بە دۆزینەوەی شوێنەوارێکی مێژوویی گرنگ کە چەندین سەدەیە شاردراوەتەوە، ئەویش یەکەم زیندانی عێراقە.
قەسری کۆتایی، یاخود "قصر النهائي" وەکو بە عەرەبی ناسراوە، هەیکەلێکی دێرینە کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ساسانییەکان دا دروستکراوە. بە دووری 12 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری میقدادیە. ئەم زیندانە لە سەردەمی ساسانییەکاندا بۆ ئەو کەسانە دروستکرابوو کە دژی دەسەڵاتدارانی ساسانی وەستابوونەوە. بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، هەیکەلەکە لە کۆتایی سەدەی دووەم و سەرەتای سەدەی سێیەمی زایینیدا دروستکراوە.
زیندانەکە شێوەیەکی لاکێشەیی هەیە، دیوارە ئەستوورەکانی لە بەرد و قوڕ چنراون. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو 15 تاوەرەیە کە بۆ چاودێریکردن دروستکراون، هەر یەکێکیان سێ پەنجەرەی تێدایە کە پاسەوانەکان لەوێوە چاودێری زیندانییەکانیان کردووە. تاوەکو دوو ساڵ پێش ئێستا، ئەم شوێنە مێژووییە تەنیا وەک گردێکی ئاسایی دەرکەوتبوو. بەڵام بەهۆی گەڕان و پشکنینی وردی چەند شوێنەوارناسێکەوە، ئەم شاکارە مێژووییە دۆزرایەوە.
لە بەرنامەکەدا،پێشکێشکاری باژۆ، هەڵمەت عومەر، رووداوە سەیر و سەرنجڕاکێشەکانی زیندانەکە دەگێڕێتەوە. چیرۆکگەلێک کە هەندێکیان دوای دۆزینەوەی زیندانەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دروستکراون و، هەندێکیشیان چیرۆکی کۆنن کە ماوەیەکی زۆرە لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە.
لەبەشی کۆتایی بەرنامەکە، هەڵمەت سەردانێکی کورت بۆ نێو باخەکانی پرتەقاڵی بەعقووبە دەکات. وەک خۆی لە بەرنامەکەدا دەیگێڕێتەوە، هەر لە منداڵییەوە ناوبانگی ئەم پرتەقاڵانەی بیستووە.