شەمەندەفەرەکەی عێراق

هەڵمەت عومەر لە بەرنامەی باژۆی ئەمجارە سەردانی وێستگەی شەمەندەفەری بەغدا دەکات، کە بە یەکێک لە شوێنەوارە بەناوبانگەکانی ئەو شارە دادەنرێت و، بە جەوهەرە بەناوبانگە. ئەو وێستگەیە هێڵی ئاسنی تۆڕەکانی تەواوی عەراق بووە کە لەلایەن ئەندازیارە بەریتانییەکانەوە دروستکراوە. وێستگەکە لە ساڵی 1948 بەردی بناخەی بۆ دانراوە و، لەساڵی 1952 بەڕووی خەڵکدا کراوەتەوە. دیزاینەکەی بە شێوازی ئینگلیزییە و لە جیهاندا تەنیا دوو نموونەی هاوشێوەی هەیە، یەکێکیان لە هیندستان و ئەوی دیکە لە لەندەنە.

هەڵمەت عومەر باسی دوو کاتژمێرە سەرنجڕاکێشەکەی وێستگەکە دەکات کە یەکێکیان ژمارەی هیندی و عەرەبی لەسەرە و، ئەوی دیکەشیان ژمارەی ئینگلیزی. شێوازی لێدانی هەردوو کاتژمێرەکە هەمان شێوازی کاتژمێری بیگ بینی لەندەنە. ئەم کاتژمێرانە تەنیا بۆ گەشتیاران دانەنراون، بەڵکو خەڵکی ناوخۆش سوودیان لێبینیوە و ریتمی کاتژمێرەکانی خۆیان لەسەر ئەوە رێکخستووە.

پاشان هەڵمەت دەچێتە ناو وێستگەکە و لە جێگەی شۆفێری شەمەندەفەرەکە دادەنیشێت و پێشانیدەدات کە چۆن کاردەکات. هەڵمەت دەڵێت لێخوڕینی شەمەندەفەر ئاسانترین کارە. ساڵی 1948 یەکەم شەمەندەفەر لە بە‌غداوە بەڕێکەوتووە بەرەو هەولێر، تاوەکو ساڵی 1984ـیش شەمەندەفەر هەر هەبووە و بەردەوام هاتووچۆی کردووە.

لە کۆتاییدا هەڵمەت لەگەڵ شۆفێری شەمەندەفەرەکە سوار دەبێت و بەرەو بەسرە بەڕێدەکەون. نرخی بلیتی شەمەندەفەر جۆراوجۆرە، بلیتی یەک کەسی 10 هەزار دینارە، هەروەها شوێنی تایبەتیش لەنێو شەمەندەفەر60 هەزار دینارە.